بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی کۆبوونەوە فراوانەکەی دیمەشق: نایاساییە و رەخنەی لێدەگرین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رەخنەی توند لە کۆبوونەوەیەکی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەگرێت کە ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان تێیدا بەشدار ببوون.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات، پێویست بوو ئەو کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی نیشتمانی بە بەشداری هەموو پێکهاتە و چینەکانی سووریا، لە نێویاندا ژن و گەنجان، بکرێت.
کۆبوونەوەکە 29ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە دیمەشق بەڕێوەچوو، کە تێیدا "سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا" راگەیێنرا و ئەحمەد شەرع، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بە سەرۆککۆماری راگوزەری وڵات دیاریکرا.
شەرع لە دوای ئەو کۆبوونەوەیە رایگەیاند، حکومەتێکی راگوزەری فرەلایەن بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی سووریا دروستدەکەن، بەو جۆرەش چارەنووسی ئەو کۆنگرە نیشتمانییەی کە بڕیار بوو بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکرێت، دواخرا.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیگەرانیی خۆی لە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەس لە کۆبوونەوەکەدا دەربڕی کە تۆمەتباران بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکاریی دژی مافەکانی مرۆڤ، وەک ئەحمەد ئیحسان فەیاز هایس، ناسراو بە ئەبو حاتم شەقرا، کە تۆمەبتارە بە کوشتنی هەڤرین خەلەف، سکرتێری گشتیی پارتی سووریای داهاتوو؛ هەروەها تۆمەتبار محەممەد جاسم، ناسراو بە "ئەبو عەمشە" کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چەندین تاوان لە شاری عەفرینی داگیرکراوی رۆژئاوای کوردستان.
بەڕێوەبەریاتیی خۆسەر جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بێ بەشداریکردنی هێزە "سیاسی، شۆرشگێر و میلییەکان، بە ناتەواو هەژمار دەکرێت." هەروەها داوا دەکات، کۆنگرەی نیشتمانیی فرە لایەن ببەسترێت بۆ ئەوەی دەستووری نوێی وڵاتەکە بنووسرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەشڵێت: "پێویستە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بوار بە هیچ لایەن و کەسێک نەدەن رقوکینە جۆش بدەن و پێکەوەژیانی گەلی سووریا تێکبدەن."
هەروەها داوا دەکات، رێگری لەو "گوتارە رقهەڵگرە" بکەن کە "نەتەوەیەک یان لایەنێکی دیاریکراو" دەکاتە ئامانج، "کە بەشێوەیەکی زەق لە هەندێ چالاکیدا بەکاردەهێنرێت، وەک ئەوەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە گۆڕەپانی ئەمەوییەکان روویدا."