ئەنەکەسە بۆ شەیبانی: داوای دانپێدانانی دەستووری بە گەلی کورد و مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە دیمەشق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. وەزارەتەکە دەڵێت، شاندەکە پێشوازییان لە مەرسوومی ژمارە 13ی سەرۆکایەتیی سووریا کرد و بە "هەنگاوێکی گرنگ"یان بۆ دەستەبەری مافی کورد ناوبردووە. ئەنەکەسەش دەڵێت، داوای دانپێدانانی دەستووری بە گەلی کورد و مافە سیاسی و نەتەوەییەکانیان کردووە.
رۆژی دووشەممە 02-02-2026 ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا لە دیمەشق پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد، کە محەممەد ئیسماعیل سەرۆکایەتیی دەکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، لە دیدارەکەدا جەخت لە "یەکپارچەیی خاکی سووریا" کراوەتەوە. وەزیری دەرەوەی سووریا باسی لە مافی هاووڵاتییانی کورد کردووە و رایگەیاندووە، دەبێت پرەنسیپی هاووڵاتیبوونی یەکسان بەهێز بکرێت و "تایبەتمەندیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا بپارێزرێت."
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، شاندی ئەنەکەسە بە ئەرێنییەوە باسیان لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13 کردووە، بە "هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد" وەسفیان کردووە.