پشکنەری گشتیی ئەمریکا: هەسەدە توانای داعشی لە رەققە و دێرەزوور پەکخستووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتێکی حکومەتی ئەمریکا کە بە کۆنگرێس دراوە، وێڕای لاوازبوونی، داعش بە هەڕەشە ماوەتەوە و هەوڵی قۆستنەوەی ئەو ناسەقامگیرییە دەدات لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا هاتووەتە ئاراوە.
 
راپۆرتە وەرزییەکە بە هاوبەشی لەلایەن پشکنەرانی گشتیی وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکاوە ئامادەکراوە، باس لە چالاکییەکانی سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئاژانسەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکات.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کوشتنی عەبدوڵڵا مەکی موسڵح ریفاعی، فەرماندەی باڵای داعش لە ئاداری ئەم ساڵ لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق "دیارترین" گورز بووە لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ بەر رێکخراوە پەڕگیرەکە کەوتبێت.
 
کوشتنی ئەو کەسە کە بەرپرس بووە لە هێرشە نێودەوڵەتییەکان، لۆجستی، پلاندانان و دارایی داعش، "توانای داعش بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرش لە عێراق و سووریا لە یەک تا سێ مانگی دیکە پەک دەخات."
 
لەم راپۆرتەدا باس لەوە نەکراوە کە داعش چەند ئەندامی کارای لە عێراق و سووریا هەیە، بەڵام تەممووزی پار، نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەکەی بە 3000 تاوەکو 5000 خەمڵاند.
 
ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا بە پشکنەری پێنتاگۆنی راگەیاندووە، تواناکانی داعش لە عێراق "سنووردار بوون،" ئەوەش بەهۆی تووندکردنی چاودێری لەسەر جموجووڵ و زیادکردنی گوشاری سەربازی لەسەر شانە بەجێماوەکانی.
 
هێزەکانی ئەمریکا لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا رایانگەیاندووە، لە سووریاش داعش "هیچ بەرەوپێشچوونێکی دیاری لە توانای ئۆپەراسیۆن و هێرشبردن بەدەست نەهێناوە."
 
لەبارەی سەرچاوە داراییەکانی داعش، راپۆرتەکە بە گەڕانەوە بۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، رێکخراوە قەدەخەکراوەکە کەمتر لە 10 ملیۆن دۆلاری یەدەگی بەدەستەوە ماوە کە چاوەڕوان دەکرێت زۆربەی لەنێو عێراقدا بێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، مەزەندە دەکرێت، داعش پار 8 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بەبارمتەگرتن و ئازادکردنی خەڵک لە بەرامبەر پارە، سەرانەسەندن و بەخشینەکانەوە کۆکردبێتەوە.
 
قۆستنەوەی کەلێنەکانی سووریا
 
سەرەکیترین نیگەرانیی ئەمریکا لە هەڕەشەی داعش، وەکو لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە، هەوڵەکانی رێکخراوە بە تیرۆریست پۆلێنکراوەکەیە "بۆ قۆستنەوەی دۆخی ئەمنیی سووریا" لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رەققە و دێرەزوور "توانای داعشیان بۆ خۆڕێکخستنەوە پەکخستووە، گرووپەکە هێشتا چالاکە."
 
هێزەکانی ئەمریکا کە سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکەن، بە پشکنەری گشتییان راگەیاندووە، حکومەتی نوێی سووریا ئەگەرچی دژی داعشە، لەم کاتەدا سەرنجی سەرەکی لەسەر چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی و لەخۆگرتنی هێزەکانی دیکەی سووریایە، بۆیە لەم کاتەدا کەمتر سەرنجی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داعشە. 
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، وێڕای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا توانییان هەوڵێکی داعش بۆ تەقاندنەوەی مەزارگەی سەیدە زەینەبی شيعەکان لە دیمەشق پووچەڵبکەنەوە، "بە گشتی توانای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان سەرەتاییە و رەنگە پێویستیان بە یارمەتیی دەرەکی بێت."