لە ئیدلیب کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنیی چەکدارە بیانییەکان تەقییەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی چەکدارە بیانییەکان لە نزیک شاری ئیدلیب لە باکووری سووریا تەقییەوە، بەهۆیەوە چەکدارێک کوژرا و 9ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
رۆژی چوارشەممە دووی تەممووزی 2025، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی لە نزیک هەردوو شارۆچکەی کەفرەیا و فوعە لە باکووری شاری ئیدلیب لە باکووری سووریا تەقیوەتەوە.
 
کۆگەکە تایبەت بووە بە چەکدارە بیانییەکانی سووریا بەتایبەتیش چەکدارانی تورکمانستان و ئۆزبەگستان، کە لە کاتی تەقینەوەکەدا لە باڵەخانەیەکی تەنیشت کۆگەکە بوون. بەگوێرەی زانیارییە خۆجێییەکان لانیکەم چەکدارێکی تورکمانستانی کوژراوە و 9ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، لەکاتی تەقینەوەکەدا درۆنێک بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە، ئەمەش وایکردووە تیمە فریاگوزارییەکان درەنگتر بگەنە شوێنی تەقینەوەکە لە ترسی تەقینەوەی درۆنەکە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری حەمما لە نێوەڕاستی سووریا رایانگەیاند، بەهۆی سووتانی تانکەرێکەوە لە شارۆچکەی جەبرین لە گوندەواری حەمما تەقینەوەیەکی گەورە روویداوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوون ژمارەیەک خەڵکی سڤیل. 
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەو تەقینەوەیە بووەتە هۆی کوشتنی 7 کەس و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی تەقینەوەکە زیانی بە چەندین ماڵی دەوروبەری شوێنی رووداوەکە گەیاندووە.