وەزیری دەرەوەی سووریا: لەگەڵ هەسەدە لێکتێگەیشتنمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێ، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''تێگەیشتن هەیە و توانیمان لە نزیکبوونەوەی سەربازییەوە بچینە چارەسەرکردنی کێشەی سووریاییەکان.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 02-11-2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پانێلێکی کۆنفرانسی دیالۆگی مەنامەی بەحرێن تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ قۆناخی راگوزەر و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. 
 
ئەسعەد شەیبانی لەبارەی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و سووریاوە رایگەیاند: ''ئەوەی توانیمان تێیدا سەرکەوین، بەتایبەتی لە دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا ئەوە بوو کە لەگەڵ هەسەدە لە نزیکبوونەوەیەکی سەربازییەوە چووینە رێککەوتنی هاوبەشی 10ـی ئادار.''
10ی ئاداری 2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا لەخۆدەگرێ. 
 
بەگوتەی ئەسعەد شەیبانی، ئێستا لەگەڵ هەسەدە کۆبوونەوەی مانگانە و بەردەوامیان هەیە و گوتی: ''مانگی رابردوو نزیکەی پێنج کۆبوونەوە کرا. دەمەوێ بڵێم تێگەیشتن هەیە و ئێمە توانیمان لە نزیکبوونەوەی سەربازییەوە بچینە چارەسەرکردنی کێشەی سووریاییەکان.''
 
وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی، پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا لەنێوان حکومەتی راگوزەر و هەسەدە لە رێگەی دانوستاندن و ''گفوگۆی سووری-سووری'' بێت.
 
10ـی تشرینی یەکەم مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە رێوڕەسمێکدا رایگەیاند، لە سووریای نوێدا و دوای تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای وڵاتەکە، هێزی دژەتیرۆری هەسەدە (YAT) رۆڵێکی گرنگ لە پاراستندا دەگێڕێ و ''نەوەک تەنیا لە رۆژهەڵات و باکووری سووریا، بەڵکو لە سەرانسەری وڵاتەکە دژی تیرۆر خەبات دەکات.''
هاوکات لە بەشێکی قسەکانیدا ئەسعەد شەیبانی باسی لە نیگەرانییەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە هەندێک ناوچە کرد و گوتی: ''تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە زۆر بوارەوە گرنگی بە سووریا دەدات. ئەوان هەندێک ناوچەی سووریا وەک ئاسایشی نیشتمانی سەیردەکەن، وەک ناوچەکانی باکووری سووریا و ئێمە ناتوانین ئەمە پشتگوێ بخەین.''
 
تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە هێزێکی نزیک یان سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت کە پێکهێنەری سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکراتە. وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: ''کاتێک دەڵێین سووریا نابێت هەڕەشە بێت لەسەر هیچ وڵاتێک، بێگومان [مەبەستمان] تورکیاشە.'' 
 
دوێنێ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریاش لە هەمان دیالۆگ رایگەیاند: ''تورکیا هۆکاری سەرەکی بوو کە شەرع لە 8ی کانوونی یەکەمدا توانی دەسەڵات بگرێتە دەست. پەیوەندیی نێوان تورکیا و سووریا زۆر لەبارە.''
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتیشی: ''گفتوگۆکان لەگەڵ هەسەدە و بەشداریپێکردنیان لە پرۆسەکە (پڕۆسەی دەسەڵاتداریی سووریا) بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر باش بەڕێوەدەچێت. ئێمە زۆر نزیکین لە گەیشتن بە رێککەوتنێک.''
 
بەگوتەی تۆم باراک، هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا گەڕاونەتەوە بۆ رێککەوتنەکەی 10ی ئادار و ئێستاش ''هیچ کێشە و ئاڵۆزییەک لەنێوان سووریا و تورکیادا نییە."