راپۆرتێک: کچ و ژنانی عەلەوی لە سووریا دەڕفێندرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر

 
رووداو دیجیتاڵ 

راپۆرتێک باس لەوە دەکات، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، رفاندنی کچ و ژنانی عەلەوی زیادی کردووە. زۆرجار رفێنراوەکان رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە و دواتر لە بەرامبەر پارەیەکی زۆر ئازاد دەکرێن. حکومەتی نوێی سووریاش ئەم راپۆرتانە رەتدەکاتەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، مانگی ئایاری پار، لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کچێکی تەمەن 16 ساڵ لە ماڵەکەی چووەتە دەرەوە بۆ کڕینی کەلوپەل و بێسەروشوێن بووە. چەند هەفتەیەک دواتر، کەسێکی نەناسراو پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کردووە و داوای هەزاران دۆلاری بۆ ئازادکردنی کردووە.
 
دوای ئەوەی خێزانەکەی پارەکەیان داوە، کچەکە دوای زیاتر لە 100 رۆژ، لە مانگی ئاب گەڕاوەتەوە. بەگوتەی چوار کەسی ئاگادار لە دۆسیەکەی، کچەکە گوتوویەتی لە ژێرزەوینێکی تاریکدا هێڵدراوەتەوە، بەردەوام دەرمانی بێهۆشکەری پێدراوە و لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر. شۆکی گەورەتر بۆ خێزانەکەی ئەوە بووە کە دوای پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە کچەکەیان دووگیانە.
 
لەو کاتەوەی گرووپە چەکدارەکان لە کۆتایی ساڵی 2024 بەشار ئەسەدیان لە دەسەڵات لابرد، خێزانەکان و چالاکڤانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری دەدەن کە ژنان و کچانی پێکهاتەی عەلەوی (کە ئەسەد سەر بەو کەمینەیە بوو) بە شێوەیەکی تەمومژاوی بێسەروشوێن دەبن یان دەڕفێندرێن. زۆر کەس ترسیان هەیە کە ئەم پێکهاتەیە بووبێتە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە بەهۆی تاوانەکانی دەسەڵاتی پێشووەوە.
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات کە لە رێگەی "دەیان هەڤپەیڤینەوە" پشتڕاستی کردووەتەوە کە لانیکەم 13 ژن و کچی عەلەوی، هەروەها پیاوێک و کوڕێک رفێندراون. لەو ژمارەیە 5 ژنیان گوتوویانە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و دوو کەسیشیان دووگیان بوون.
 

لە یەکێک لە دۆسییەکاندا، خێزانی ژنێک 17 هەزار دۆلاری داوەتە رفێنەرەکان، بەڵام هێشتا کچەکەیان ئازادنەکراوە. لە دۆسیەیەکی دیکەدا، کچێکی تەمەن 24 ساڵ بۆ سێ هەفتە لە ژوورێکی پیسدا هێڵدراوەتەوە، دەستدرێژی کراوەتە سەر، لێیدراوە، قژ و برۆی تاشراوە و بە گوێزان جەستەی بڕدراوە پێش ئەوەی خێزانەکەی پارە بدات و ئازادی بکات.
 
زۆربەی ئەوانەی قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە ترسیان لە تۆڵەسەندنەوەی حکومەتی نوێ یان رفێنەرەکان هەبووە. ئەم ترسە لە کاتێکدایە، سوننەکان کە ئێستا دەسەڵاتی سووریایان بەدەستەوەیە، زۆرجار عەلەوییەکان بە هاوبەشی تاوانەکانی رژێمی پێشوو دەزانن. لە ئاداری رابردوودا، ئەم تووڕەییە بووە هۆی شەڕێکی تائیفی لە ناوچەی کەناراوی سووریا کە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی هەزار و 400 کوژراوی لێکەوتەوە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێش تێیدا بەشدار بوون.
 
بەگوتەی قوربانییەکان و خێزانەکانیان، حکومەتی نوێی سووریا دۆسییەکانیان بە هەند وەرناگرێ.
 
نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات، نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رەتیکردەوە کە ژنانی عەلەوی بکرێنە ئامانج. بە گوێرەی رۆژنامەکە، گوتەبێژەکە گوتوویەتی کە ناتوانێت وەڵامی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز بداتەوە، چونکە رۆژنامەکە ئامادە نییە ناوی قوربانییەکان ئاشکرا بکات.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "دووگیانبوون سەلمێنەری رفاندن نییە و نامەی داواکردنی پارەش دەکرێ دروست بکرێ." ئەو بەرپرسە جەختی لەسەر لێکۆڵینەوەی حکومەت کردەوە کە لە تشرینی دووەمدا کراوە و لە کۆی 42 راپۆرتی رفاندن، تەنیا یەک کەیسیان بە "راستەقینە" داناوە. بابا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە دۆسیەکانی دیکەدا، ژنەکان خۆیان تێوەگلاون لە لەشفرۆشی یان لەگەڵ خۆشەویستەکانیان هەڵاتوون، دواتریش بۆ شاردنەوەی "ئابڕووچوونە کۆمەڵایەتییەکە" گوتوویانە رفێندراون.
 
بەڵام قوربانییەکان و خێزانەکانیان چیرۆکێکی تەواو جیاواز دەگێڕنەوە و دەڵێن ژنان و کچانیان لەلایەن چەکدارانەوە لەسەر شەقام، لە نزیک ماڵەکانیان یان کاتی بازاڕکردن دەڕفێندرێن.