سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: بۆردوومانەکانی ئیسرائیل پەیامن کە دروزەکان هێڵی سوورن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکانی پێشتر و شەوی رابردووی ئیسرائیل پەیامن بۆ حکومەتی سووریا کە دروزەکان هێڵی سوورن.
رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، میوانی بووڵتەنی نیورۆژی رووداو بوو و لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، گفتوگۆیان لەبارەی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، دوایین پێشهاتە نێوخۆییەکانی سووریا و دۆخی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا کرد.
سەبارەت بە بۆردوومانەکەی شەوی رابردووی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە، رامی عەبدولرەحمان گوتی، شەوی رابردوو پێگە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە دەرعا، حەما و دیمەشق بۆردوومان کران.
رامی عەبدولرەحمان رایگەیاند، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل زیاتر پەیامن و ئیسرائیل بە دەسەڵاتی سووریا دەڵێت، دروزەکان هێڵی سوورن.
لەبارەی ژمارەی کوژراوەکانی دوایین شەڕ و پێکدادانەکانی جەرمانا، سەحنایا و سوەیدا، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی: "110 کەس کوژران کە 12یان سڤیل، 30ـیان سەرباز و چەکداری سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا و ئەوانی دیکەش ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان بوون."
رامی عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو کە چارەنووسی دەیان کەس دیار نییە و نازانرێت بەدیل گیراون، یان کوژران و تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەشکرد، دۆخەکە هێور بووەتەوە، بەڵام ترس و نیگەرانی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە؛ راشیگەیاند، دروزەکان ئامادە نین چەکەکانیان رادەستی وەزارەتی بەرگری بکەن و بە راشکاوی گوتوویانە، کاتێک چەک رادەست دەکەن کە هەست بەوە بکەن حکومەت حکومەتی هەموو سووریاییەکانە و توانای هەیە هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت و کۆتایی بە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا بهێنێت.
رامی عەبدولڕەحمان رەشبینی خۆی بەرامبەر دۆخی سووریا پیشاندا و گوتی: "ئەگەر دۆخەکە بەم ئاراستەیەی ئێستا بڕوات، ئەو سووریایەی ئێستا هەیە لە دەست دەچێت و دابەش دەبێت".
لەبارەی گوتاری حکومەتی راگوزەری سووریا، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، حکومەتی سووریا شتێک دەڵێت و شتێکی دیکە دەکات؛ تەنانەت بێدەنگی لە ئاست گوتارەکانی رق و کینە، رەگەزپەرستی، نەژادپەرستی و شۆفینیزم دەنوێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: "حکومەتی سووریا حکومەتی هەموو سووریاییەک نییە، بەڵکو حکومەتی بەشێکی سووریاییەکانە. ئەگەر ئەو حکومەتە ناتوانێت کۆنترۆڵی چەک و گرووپە چەکدارەکان بکات، ئەوە کارەساتە و ئەگەر توانای کۆنترۆڵکردنیانی هەیە بۆچی ئەو کارە ناکات؟"
لەبارەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکرانەوە کە بەشێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لۆگۆی داعش لەسەر جلوبەرگەکانیان هەیە، رامی عەبدولرەحمان رایگەیاند: "خۆزگە تەنیا ئاڵا و لۆگۆی داعش بوایە، بیر و هزری داعش ماوە و نەگۆڕاوە و لە رەفتارەکانیشیاندا دەبینرێت. ئەوانەی لە گۆڕەپانەکان دەیانبینن، هەر هەمان هزری پەڕگیری، رەگەزپەرستی و نەژادپەرستییان ماوە".