میدیای ئەمریکی: پێنتاگۆن 500 سەربازی لە سووریا کشاندووەتەوە و بنکەیەکیشی رادەستی هەسەدە کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، پێنتاگۆن نزیکەی 500 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان کشاندووەتەوە، دوو بنکەی سەربازی داخستووە و یەکێکی رادەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە. 
 
جێنیفەر گریفن، پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی رۆژی دووشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بەوە کرد، دوو بەرپرسی ئەمریکی بە کەناڵەکەیان راگەیاندووە، ئەم چەند هەفتەیەی دوایی، ئەمریکا 500 سەربازی لە سووریا کشاندووەتەوە، دوو بنکەی سەربازی داخستووە و یەکێکی رادەستی هەسەدە کردووە. 
 
بە گوتەی هەمان سەرچاوە، بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومەر و یەکێکی دیکەی بچووک داخراون و بنکەیەکی دیکە لە کێڵگەی گازی کۆنیکۆ رادەستی هەسەدە کراوە، کە هەر سێکیان لە دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریان. 
 
هاوکات نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای تورکیا، گرنگیی رۆڵی هەسەدەی وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا خستەڕوو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بە شێوەیەکی "بەرچاو" کەمدەکرێنەوە و لە کۆی 8 بنکەی سەربازی، تەنیا یەک دانەیان دەهێڵنەوە. 
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا باراک گوتی: "هەسەدە هاوپەیمانی ئێمەیە. ئەو پشتیوانییەی لە هەسەدە دەکرێت، پێشتیوانییەکە کە لە هاوپەیمانێک دەکرێت. ئەمە فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ کۆنگرێسی ئێمە."
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامبوونی پشتگیریی واشنتن بۆ هەسەدە، "بۆ کۆنگرێس گرنگە."
 
هەروەها جەختی لە گرنگیی تێکەڵبوونی هەسەدە بە حکومەتی نوێی سووریا کردەوە و گوتی: "تێکەڵبوونیان لەگەڵ حکومەتێکی نوێی سووریا زۆر زۆر گرنگە. پێویستە هەموو کەسێک لە پێشبینی و چاوەڕوانییەکاندا راستبین (واقعی) بێت."
 
باراک کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕانکاریی گەورە لە ژمارەی سەربازەکانیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەن و گوتی: "کەمکردنەوەی بنکە سەربازییەکانمان گرنگە. لە 8 بنکەوە، لە کۆتاییدا بۆ یەک دانە کەم دەکرێتەوە."
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو، کە هێزەکانی ئەمریکا دوو بنکەی سەربازییان لە دێرەزوور چۆڵکردووە. 
 
بە گوێرەی رێکخراوە چاودێرەکە، ئەمریکا لە 18ی ئایارەوە دەستی بە کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی کردبوو و لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە، کشانەوەکەی خێراتر کردووە. 
 
روانگە باس لەوە دەکات، کاروانی تانک، زرێپۆش و بارهەڵگری ئەمریکی بینراون کە لە کێڵگەی نەوتی عومەر و کێڵگەی گازی کۆنیکۆ دەچنە دەرەوە. ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە. 
 
هێزەکانی ئەمریکا سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن. 
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری سەرچاوەیەکەوە باس لەوە کردووە، ئەو هێزانە لە بنکەی شەدادی لە باشووری پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە و لەوێوە کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن. 
 
پێش ئەوەی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023 دەستپێبکات، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەبوو. بەڵام دوای ئەوەی گرووپە لوبنانی، یەمەنی، سووری و عێراقییەکانی لایەنگری ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاد کرد، پێنتاگۆن ژمارەی سەربازەکانی گەیاندە نزیکەی دوو هەزار سەرباز.
 
دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار کۆتایی بە دەسەڵاتی نیوسەدەی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هێنرا، نیسانی ئەمساڵ، پێنتاگۆن رایگەیاند، ژمارەی سەربازانی بۆ خوار هەزار کەمدەکاتەوە،" لە کاتێکدا کە پێیوابوو هەڕەشەی داعش لاواز بووە.