حیزبی ئیسلامیی تورکستان خۆی هەڵوەشاندەوە و چووە نێو سوپای سووریا

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی سیاسیی حیزبی ئیسلامیی تورکستان، کە 'حیزبێکی چەکداری بیانی بەشدارە لە شەڕی نێوخۆیی سووریا'؛ خۆ هەڵوەشاندنەوە و چوونی بۆ نێو سوپای سووریا راگەیاند.
 
عوسمان بوغرا، بەرپرسی سیاسی لە حیزبی ئیسلامیی تورکستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، "گرووپەکەمان هەڵوەشاندووەتەوە و تێکەڵی سوپای سووریا بووین؛ ئێستا گرووپەکەمان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی سووریادایە و پابەندین بە سیاسەتی نیشتمانییەوە و هیچ پەیوەندییەکی دەرەکیمان نییە."
 
لە ماوەکانی رابردوودا تۆماس باراک، باڵیۆزی تازەی ئەمریکا لە سووریا رایگەیاندبوو، ئەمریکا رەزامەندی لەسەر پلانێک دەربڕیوە کە سەرکردایەتیی سووریای نوێ پێشنیازی کردووە بۆ رێگەدان بە هەزاران تووندڕۆی بیانی بچنە نێو سوپای نیشتمانییەوە، کە ئەوانە پێشتر لە چوارچێوەی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆندا بوون.
 
سێ بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرایان کردووە، پلانەکە پێکدێت لەوەی کە 3500 چەکداری بیانی بخرێنە نێو سوپاوە، لە یەکەیەکی نوێدا کە فیرقەی 84ـی سوپایە، زۆرینەی ئەو چەکدارانە خەڵکی ئیگۆری چینی و چەند دەوڵەتێکی دەوروبەرن.
 
نێردەی ترەمپ بۆ سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، باشتر وایە ئەو تووندڕۆیانە بخرێنە چوارچێوەی پڕۆژەی دەوڵەتەوە؛ بە "زۆر دڵسۆز بۆ ئیدارەی نوێی سووریا" ناوی بردوون.
 
حیزبی ئیسلامیی تورکستان رێکخراوێکی چەکداری ئیسلامیی جوداخوازی ئیگۆرییە و لەلایەن حەسەن مەحسوومەوە لە پاکستان دامەزراوە؛ پەیامی حیزبەکە بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە شینجیانگ و ئاسیای نێوەڕاست.
 
ئەو حیزبە چەکدارییە، لە ساڵی 2017ـەوە تاوەکو رووخانی بەشار ئەسەد، لە شەڕی نێوخۆیی سووریادا بەشداربوون.
 
رۆژی 22-12-2024، ئەحمەد شەرع، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق گوتی: بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، جا ئەوانە چ گرووپە شۆڕشگێڕەکان بن، یان ئەو گرووپانەی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەن."
 
باسی لەوەش کرد، بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لەگەڵ سەرجەم گرووپە چەکدارەکان رێککەوتین، دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆن و دەستپێکردنی قۆناخی نوێ، دەبێ هەموو هێزەکان لەژێر وەزارەتی بەرگری و لەژێر فەرمانی یەک فەرماندەی گشتی کۆببنەوە.
 
هەمان رۆژ، میدیای فەرمیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی گرووپەکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کۆتاییهات و "لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپەکان رێککەوتن."
 
میدیای فەرمیی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو گرووپانەی رێککەوتنیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع کردووە، تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا دەکرێن و دەخرێنە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە.