وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: داواکاریمان لە حکومەتی سووریا نەگۆڕاوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، داواکارییەکانی واشنتن لە حکومەتی نوێی سووریا نەگۆڕاون. ئاماژە بەوەش دەکات، ئاگاداری ئەو ئاڵنگارییانەن دیمەشق رووبەڕوویان دەبێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی سووریا دایەوە.
 
تامی برووس گوتی، "بە روونی ئاگاداری ئەو ئاڵنگارییانەین رووبەڕووی حکومەتی سووریا دەبنەوە، کاتێک هەنگاوی کرداری دەنێن بەرەو جێبەجێکردنی داواکاریی سەرۆک بۆ بنیاتنانی سووریایەکی ئارام و سەقامگیر."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە داواکارییەکانی واشنتن لە دیمەشق کرد و گوتی، "گرنگە ئەوەمان بیر بێت کە داواکارییەکانمان لەم حکومەتە نوێیەی سووریا نەگۆڕاون، چاودێریی پرۆسەکەیان دەکەین و چاوەڕوانی شەفافییەتین سەبارەت بە بژاردەکانیان و چۆنییەتی ئەنجامدانییان."
 
ساڵی 2011، هاووڵاتییانی سووریا دەستیان بە خۆپێشاندان کرد. دواتر، خۆپێشاندانەکان بوونە هۆی دروستبوونی شەڕی نێوخۆ و دەسەڵاتی ئەسەد بە بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو و چەندین تاوانی دیکەی دژی سووریاییەکان تۆمەتبارکرا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاواش ژمارەیەک سزایان بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند.
 
ئەمریکا بۆ ئەوەی سزاکانی سەر سووریا لابدات داوای لە دیمەشق کرد کە چەکدرا بیانییەکان لە حکومەتی ئێستای ئەو وڵاتە دەربکات، چەکە کیمیاوییەکانی لەنێوببات، لەگەڵ واشنتن لەسەر پرسی تیرۆر هاوئاهەنگی بکات، گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان دەربکات و هاوکاری ئەمریکا بکات بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە بدۆزێتەوە کە لەنێو سووریا بێسەروشوێن بوون.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: ئەمریکا چۆن لە دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی کوردی و حکومەتی کاتی سووریا دەڕوانێت؟ کورد جەخت لە گرنگی پارێزگاریکردن لە سەربەخۆیی ئیداری خۆیان لە رۆژئاڤا- باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەنەوە. ئەمریکا چۆن لە سیاسەتە دەڕوانێت؟ پرسیاری دووەم: چەند راپۆرتێک بڵاوکراونەتەوە کە ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکتیکی رازی بووە حکومەتی سووریا چەکدارە بیانییەکان بهێڵێتەوە و لە کۆتایشدا تێکەڵ بە سیستمی بەرگری سووریایان بکات. ئەم راپۆرتانە دوای ئەوە هاتن کە نێردەی تایبەتی ئەمریکا سەردانی سووریای کرد. دەمەوێت بزانم هەڵوێستی روونی ئەمریکا سەبارەت بە پرسە چییە؟
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پرسیاری یەکەم، تەنانەت کاتێک کوردەکانیش لێرە بوون، گفتوگۆمان لەسەر ئەم بابەتە کرد و سەبارەت بە سرووشتی ئاگاداربوونمان لەبارەی پرسەکانی وزە و بابەتەکانی دیکە [قسەمان کرد]، هەربۆیە ئەمە دووبارە ناکەمەوە. ئەگەر شتێکی نوێ هەبێت، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆلای و ببینین ئایا هیچ شتێکی نوێ یان پێشهاتێکی نوێ هەیە سەبارەت بە کوردەکان لەو بارەیەوە. ئەوەش، بێگومان، سەبارەت بە عێراقە، بەڵام پێم وایە [گرنگە باس لە] بنکە سەربازییەکان و چەکدارە بیانییەکان [لە سووریا] بکەین. داواکارییەکانمان لە حکومەتی سووریا لەو بارەیەوە نەگۆڕاون، وەک باڵیۆز باراک لە دیمەشق ئاماژەی پێکرد، ئێمە بە روونی ئاگاداری ئەو ئاڵنگارییانەین کە ڕووبەڕووی حکومەتی سووریا دەبنەوە کاتێک هەنگاوی کرداری دەنێن بەرەو داواکاریی سەرۆک بۆ بنیاتنانی سووریایەکی ئارام و سەقامگیر. باڵیۆز جەختی کردەوە کە شەفافیەت گرنگییەکی زۆری هەیە، کاتێک حکومەتی سووریا لە رۆژانی داهاتوودا پلانێک دادەڕێژێت. من هەر ئەوەندە دەڵێم. کاتێکیش کە دێتە سەر پرسەکانی پەیوەست بە بنکەکان، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی بەرگری. پێم وایە گرنگە ئەوەمان بیر بێت کە داواکارییەکانمان لەم حکومەتە نوێیەی سووریا نەگۆڕاون و چاودێری پرۆسەکەیان دەکەین و چاوەڕوانی شەفافییەتین سەبارەت بە بژاردەکانیان و چۆنییەتی ئەنجامدانییان.