راوێژکاری ئەڵمانیا: کۆچبەرانی سووریا دیپۆرت دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە سووریاییەکانی وڵاتەکەی بگەڕێنەوە، چونکە شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەیان نەماوە. دەشڵێت، ئەگەرنا بە زۆر دیپۆرتیان دەکەنەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە سەردانێکیدا بۆ شارۆچکەی هوزوم لە باکووری وڵاتەکەی رایگەیاند، "هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی سووریاییەکان لێرە نەماوە. دەشڵێت، "ئەوانەی رەتیدەکەنەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەدڵنیاییەوە دیپۆرتدەکرێنەوە". 
 
ئەو گوتانەی راوێژکاری ئەڵمانیا دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، یۆهان ڤادێپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی دیمەشقی کرد و رایگەیاند، گەڕانەوەی سووریاییەکان بۆ وڵاتەکەیان سنووردارە، چونکە زۆرینەی ژێرخانی سووریا خاپووربووە یان زیانی پێگەیشتووە. 
 
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، بانگێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای بۆ وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەوەی بەیەکەوە گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی سووریاییەکان لە ئەڵمانیا بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، سووریا پێویستی بە پاڵپشتی و هەموو سووریاییەکانە بۆ ئەوەی بنیات بندرێتەوە. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2011ەوە 14 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە. لەو ژمارەیە 7.4 ملیۆنیان کۆچیان کردووە. هەروەها، 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی چوونەتە ئەورووپا، کە 800 هەزاریان لە ئەڵمانیان.