شاندی هاوبەشی پەیەدە و ئەنەکەسە پێکهێندرا و دەچنە دیمەشق

رووداو دیجیتاڵ

شاندی هاوبەشی پەیەدە و ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان پێکهێندرا. بڕیارە شاندەکە بچێتە دیمەشق و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە داخوازییەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا تاوتوێ بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 04-06-2025 شاندە هاوبەشەکە راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "پێکهێنانی شاندەکە دوای راوێژی نێوان لایەنە بەشداربووەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و هەڵوێستی کوردی لە سووریا هات کە 26ی نیسانی ئەم ساڵ بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا لەسەر پێویستیی پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ، بەپێی دیدگەی هاوبەشی کوردی سەبارەت بە سووریا و دۆزی کوردی، بڕیاردرا."
 
کۆبوونەوەی دامەزراندنی شاندەکە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەچوو.
 
شاندەکە لەلایەن پەروین یوسف و محەممەد ئیسماعیلەوە هاوسەرۆکایەتی دەکرێت. ئەندامانی شاندەکەش بریتین لە ئاڵدار خەلیل، رەیحان لۆقۆ، ئەحمەد سلێمان، سلێمان ئۆسۆ، سەڵاح دەروێش، نەسرەدین ئیبراهيم و فەیسەڵ یوسف.
 
26ـی نیسانی ئەم ساڵ، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
 
لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا چەند خاڵێک خرانەڕوو کە بڕیاریان لێدرابوو. لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتبوو، "بە زووترین کات شاندێکی هاوبەشی کوردی پێکبهێندرێت" بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق.
 
لە راگەیێندراوی ئەنجامی کۆنفرانسی 26ـی نیساندا هاتبوو: "کۆنفرانسەکە بە ئامانجی گرتنەبەری دیدگەیەکی یەکگرتووی کورد بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و بەشداریکردنی لە داڕشتنی ئایندە و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لەم قۆناخە گرنگەی مێژووی سووریادا، دوای رووخانی رژێمی ستەمکار لە دیمەشق لە هەشتی کانوونی دووەمی 2024، سازکرا."
 
لەبارەی ئەو شاندەی بڕیارە بچێتە دیمەشقی پایتەختی سووریا، رۆژی 29-05-2025 نیعمەت داود، سەرکردە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شاندە یەکێک لەو لیژنانەیە رێککەوتنی لەسەر کراوە، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ـی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، سەرۆکی هەسەدە دەچنە دیمەشق."
 
10ـی ئاداری ئەم ساڵ، شەرع و عەبدی رێککەوتنێکی هەشت خاڵییان لە دیمەشق واژۆ کرد، لەنێویدا ئاماژە بەوەکراوە، کورد کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتیی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات. لە خاڵێکی دیکەدا باس لەوەکراوە، دەبێت "شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریادا رابگیرێت."
 
لەبارەی شاندی هاوبەشیی کوردەوە فەیسەل یوسف، گوتەبێژی ئەنەكەسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رەگ و ریشەی دۆزی کورد لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سووریا و تەنیا پەیوەست نییە بە دۆخی ئێستاوە. گەلی کورد ناڕەحەتی زۆری چەشتوە، بەتایبەتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، رووبەڕووی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی و بەئامانجگرتنی ناسنامە نەتەوەییەکەی بووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، کورد داوای مافەکانی کردووە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی وڵات، لە سەرەتاکانی شۆڕشی سووریاوە یەکێک بووە لە بەشداربووە سەرەکییەکان."
 
دەقی راگەیێنراوەکە:
 
دوای راوێژکارییەکانی نێوان لایەنە بەشداربووەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و هەڵوێستی کوردی لە سووریا کە لە 26ی نیسانی ئەم ساڵ بەڕێوەچوو، و بەپێی بڕیاری کۆنفرانس "سەبارەت بە پێویستیی پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتی و کوردستانییەکان، بەپێی دیدگەی هاوبەشی کوردی سەبارەت بە سووریا و دۆزی کوردی، شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی پێکهێنانی خۆی لە 4ی حوزەیرانی 2025 کرد، بە ئامادەبوونی سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و رۆژهەڵات عەفرین و ئیلهام ئەحمەد لە دیوانی کۆنفرانسەوە. شاندەکە لە چەند رۆژی داهاتووی نزیکدا دەست بە ئەرکەکانی دەکات.
 
شاندی هاوبەشی کوردی:
 
هاوسەرۆک: پەروین یوسف و محەممەد ئیسماعیل
ئەندامان:
ئاڵدار خەلیل
رەیحان لۆقۆ
ئەحمەد سلێمان
سلێمان ئۆسۆ
سەڵاح دەروێش
نەسرەدین ئیبراهيم
فەیسەڵ یوسف