حکومەتی سووریا لۆگۆی نوێی ئاشکرا کرد؛ داڵ سیمبوولیەتی
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە دیمەشق، درووشم و لۆگۆی نوێی خۆی ئاشکرا کرد. سەرۆکی کاتیی سووریا رایگەیاند، ناسنامە نوێیەکە لە "باڵندەیەکی شکۆداری راوکەر"ـەوە وەرگیراوە کە هێمایە بۆ "هێز، پاراستن و سووریایەکی یەکگرتوو."
ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئەم ناسنامەیە تایبەتمەندییەکانی لەم باڵندە شکۆدارە راوکەرەوە وەرگرتووە کە هێز، سووربوون، خێرایی، وردی، بینینی ورد، راوکردنی زیرەکانە و داهێنانی لێوە وەردەگرێت."
شەرع زیاتر باسی لۆگۆکەی کرد و گوتی: "باڵندەکە بە کارامەیی و بەرزی لە ئاسمان دەفڕێت. راوکەرێکی لێهاتووە، پیشەگەرانە دەنیشێتەوە و بۆ پاراستنی گەل و بێچووەکانی باڵەکانی دەکاتەوە. رەنگەکەشی لە کانزای پاک و بێگەرد دەچێت، کە بەپێی کات بەرگە دەگرێت، هەروەک چۆن گەلی سووریا بە درێژایی مێژوو بەرگەی گرتووە."
سەرۆکی کاتیی سووریا گوتیشی: "ئەو ناسنامەیەی ئەمڕۆ رایدەگەیێنین، نوێنەرایەتیی سووریایەک دەکات کە پارچەبوون و دابەشبوون قبووڵ ناکات. لە باکوورەوە بۆ باشوور، لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، یەک نەتەوەی یەکگرتووە. فرەیی لە کولتوور و نەتەوە سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزبوونە، نەوەک دابەشبوون و ململانێ. ئەم ناسنامەیە رەنگدانەوەی بنیاتنانی تاکی سووریاییە."
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس و نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو. شەڕع ستایشی ئەو گەنجانەی کرد کە لە دیزاینکردنی ناسنامەکەدا بەشداربوون و گوتی: "سەلماندیان سووریا بەهرەی کەمی لێ نییە، بەڵکو تەنیا پێویستی بە متمانە و پەرەپێدانە." هاوکات ئاهەنگی فەرمی لە پارێزگە جیاوازەکانی وڵاتەکە بەڕێوەچوو.
ئەم هەنگاوە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرجەم سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت.