باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق بۆ رووداو: قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ سووریا 60% بەرزبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی تورکیا لە سووریا رایگەیاند، قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە بۆ 60% بەرزبووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، تورکیا لە زۆر بواردا، بەتایبەتی پیشەسازی و ژێرخان، پشتگیری لە سووریا دەکات.
 
ئەمڕۆ هەینی 4ی تەممووزی 2025 لە دیمەشق پێشانگەیەکی تایبەت بۆ پیشەسازی و بازرگانی کرایەوە و تورکیا بە 40 کۆمپانیا بەشدارە. 
 
بوورهان کۆرئۆغڵو، باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی، "ئێمە لە قۆناخێکی نوێداین لە مێژووی سووریا؛ لە سەردەمی سووریای نوێداین کە پێویستی بە پەرەپێدانە لە زۆر بواردا، وەک بونیاتنانەوە، باشکردنی پیشەسازی و ژێرخان."
 
کۆرئۆغڵو گوتی، تورکیا پشتگیری لە بونیاتنانەوەی سووریا دەکات و لەو بارەیەوە رایگەیاند: "وەک وڵاتێکی دراوسێ و برای سووریا، دەمانەوێت بەشداری لەم دەستپێکە نوێیەدا بکەین؛ دەمانەوێت دەست لەگەڵ برایانی سووریایی خۆمان تێکەڵ بکەین و پێکەوە کەرتی پیشەسازی پەرەپێبدەین."
 
باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق ئاماژەی بەوەش کرد، گەشەکردنی ئابووری و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات رەنگدانەوەی زۆر ئەرێنیی بۆ سووریا هەبووە و رایگەیاند، لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 (گۆڕینی دەسەڵات)ـەوە، قەبارەی هەناردە و هاوردەی نێوان تورکیا و سووریا 60% بەرز بووەتەوە. 
 
25ـی کانوونی دووەمی 2025، عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، پار تاوەکو پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بایی 2.2 ملیار دۆلار کاڵایان هەناردەی سووریا کردبوو. لە بەرامبەردا بایی 450 ملیۆن دۆلار کاڵای سووریاییان هاوردە کردبوو.