ئەحمەد شەرع پێشوازی لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا و قەتەر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە نوێنەرانی کۆمپانیای (شیفرۆن)ی ئەمریکی و (پاوەر ئینتەرناشناڵ)ی قەتەری کرد؛ ئەمەش دوای واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن دێت بۆ پەرەپێدانی یەکەم کێڵگەی نەوت و گازی دەریایی لە مێژووی سووریادا.
 
لە دیدارەکەدا، ئەحمەد شەرع پیرۆزبایی لە کۆمپانیای پترۆڵی سووریا و هەردوو کۆمپانیا ئەمریکی و قەتەرییەکە کرد و هیوای خواست ئەم پڕۆژەیە ببێتە هۆی گەشەپێدانی کەرتی وزە و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە.
 
یەکەمجارە حکومەتی سووریا رێگە بە وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا و قەتەر دەدات لە کێڵگە نەوت و گازەکانی نێو سنوورە دەریاییەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
 
رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتەکە بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا و لوبنان و باڵیۆزی قەتەر کرا. هەروەها لە لایەنی سووریاوە ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە، محەممەد بەشیر، وەزیری وزە و یوسف قەبڵاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پترۆڵی سووریا ئامادە بوون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، سووریا خاوەنی یەدەگێکی گەورەی وزەیە کە دەگاتە 678 ملیار مەتر سێجا گاز و 27 ملیار بەرمیل نەوت. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە نوێیە دەرگایەکی گەورە بە رووی بووژانەوەی ئابووریی سووریادا بکاتەوە و وڵاتەکە بکاتە یاریزانێکی نوێ لە بازاڕی وزەی دەریای ناوەڕاستدا.