شەیبانی: هێرشەکانی ئیسرائیل زیان بە سەقامگیریی سووریا دەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
ئەسعەد شەیبانی سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردووی ئیسرائیل و هێرشەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بۆ سەر سووریا دەکات و دەڵێت، ئامانج لەو هێرشانە زیانگەیاندنە بەو سەقامگیرییەی لە سووریا هاتووەتە ئاراوە.
رۆژی چوارشەممە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەو هێرشانە دەرفەتێک بۆ گرووپە قەدەخەکراوەکان دەڕەخسێنن تاوەکو پشێوی دروست بکەن."
وەزیری دەرەوەی سووریا گوتیشی، هێرشەکانی ئیسرائیل "هەنگاوێکی دنەدانی رێکخراون کە ئامانج لێیان زیانگەیاندنە بەو پێشکەوتن و سەقامگیرییەی لە سووریا هاتووەتە ئاراوە. ئێمە نیازی خۆمان روونکردووەتەوە: شەڕمان ناوێ؛ داوای ئاوەدانکردنەوە دەکەین".
شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل ناوچەکانی باشووری سووریای بۆردوومان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بڵاویکردەوە، دوو رۆکێت لە سووریاوە ئاراستەی بەرزاییەکانی گۆلان کراون.
دوای هێرشەکەش، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەو هێرشە بەرپرسیارە، بەڵام حکومەتی سووریا رەتیکردەوە بەرپرسیار بێت.
رۆژی چوارشەممە "کەتیبەی شەهید محەممەد زێف" ڤیدیۆی هێرشە رۆکێتەکەی بڵاوکردەوە و بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. دواتریش گرووپێکی دیکە بەناوی "بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە سووریا" بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە راگەیاند.