لە حومس دەست بەسەر بارێک خەیاردا گیرا کە مووشەکی تێدا حەشاردرابوو

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری قوسەیری سنووری پارێزگای حومس لە سووریا، دەستی بەسەر بارێک خەیار دا گرت کە مووشەک و تەقەمەنی لەنێویدا حەشاردرابوو.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "دوای چاودێری و بەدواداچوونێکی ورد و هەڵبژاردنی کات و شوێنی گونجاو، توانیمان هەوڵێکی گواستنەوەی قاچاخ بارێکی چەک بووە پووچەڵ بکەینەوە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بارەکە پێکهاتبوو لە مووشەکی دژە زرێپۆشی جۆری "کۆرنێت" و تەقەمەنیی عەیار 30 ملم، کە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بە قاچاخ بگوازرێنەوە بۆ ناو خاکی لوبنان. چەک و تەقەمەنییەکە لەنێو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری سەوزەواتدا بە مەبەستی سەرلێشێواندن شاردرابوونەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری قوسەیری سنووری پارێزگای حومس دەڵێت: ئۆتۆمبێلەکە و چەک و تەقەمەنییەکە دەستیان بەسەردا گیرا و شۆفێرەکەش دەستگیرکرا. 
 
دەستگیرکراوەکە رەوانەی دادگەی تایبەتمەند کراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری.