سوپای ئیسرائیل دەچێتە گوندەواری قونەیتەرە لە باشووری سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە چوونە نێو سووریا و چوونە گوندی "سەیدا حانووت" لە گوندەواری قونەیتەرە لە باشووری رۆژئاوای سووریا.
 
هێزەکە لە شەش ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئیسرائیلی پێکهاتبوون و بەرەو نێو گوندەکە چوون، تاوەکو ئێستاش زانیاری لەبارەی جموجووڵ و هەنگاوی ئەو هێز لە ناوچەکەدا بڵاونەکراوەتەوە.
 
ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک رووداوی هاوشێوە دێت. رۆژی پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر سووریا و بە تۆپ چەند گوندێکی لە پارێزگای دەرعا کردە ئامانج.
 
میدیای سووریا بڵاویکردووەتەوە، تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل 8 گولـلە تۆپیان لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە ئاراستەی ناوچەی نێوان هەردوو گوندی کەویە و عابدین لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا کردووە. 
 
میدیای سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە تۆپەکان لە نزیک خانوویەکی نیشتەجێبوون لە گوندێک کەوتووەتە خوارەوە.