سێنتکۆم: هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەستیان بەسەر چەندین بارە چەکدا گرتووە کە بۆ حیزبوڵڵا دەگوێزرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی هەینی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی سووریا توانیویانە دەست بەسەر چەندین بارە چەکدا بگرن کە هەوڵ دەدرا بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی بنێردرێن.
 
براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، "پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەکەین کە دەستیان بەسەر چەندین بارە چەکدا گرتووە. ئامانج لەو چەکانە ئەوە بوو بۆ حیزبوڵڵای لوبنان بنێردرێن."
 
فەرماندە ئەمریکییەکە هەروەها دەڵێت، "ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانمان بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لە دڵنیابوونەوە لە چەککردنی حیزبوڵڵای لوبنان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
هاوکات عیماد رۆدۆڵف هەیکەل، فەرماندەی سوپای لوبنان لە گوندی یەرزە لە باکووری رۆژهەڵاتی بەیرووت پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆز و نوێنەرانی 15 وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و باسیان لە هەوڵەکانی لوبنان بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا و پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکە کرد. 
 
"کۆبوونەوەی ناقوورە"
 
تشرینی یەکەم، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەو کۆبوونەوەیەی لە ناقوورە لە باشووری لوبنان کرا، گفتوگۆ لەبارەی پرۆسە بەردەوامەکانی داماڵینی چەک کرا کە سوپای لوبنان بەڕێوەی دەبات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای لوبنان لە ساڵی رابردوودا سەرکەوتوو بووە لە لەنێوبردنی نزیکەی 10 هەزار گوللـەتۆپ، نزیکەی 400 مووشەک و زیاتر لە 205 هەزار پارچە تەقەمەنیی نەتەقێنراوە.
 
کووپەر ئەو کات رایگەیاند، "هاوبەشە لوبنانییەکانمان بەردەوامن لە سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵا." 
 
هەروەها گوتی، "ئێمە پابەندین بە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سوپای لوبنان کە بێ وچان کار دەکات بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە."
 
 رۆژی یەکشەممە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە رێگەی ئەمریکاوە "هۆشداری"ی داوەتە حکومەتی لوبنان، بەوەی "بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەنێو خاکی لوبنان فراوانتر دەکات، ئەگەر سوپای لوبنان هەنگاوی کاریگەر بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا یان سنووردارکردنی چالاکییەکانی نەنێت."
 
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە "ئامادەیە بازنەی هێرشەکانی فراوانتر بکات بۆ ناوچەگەلێک کە پێشتر خۆی لە بەئامانجگرتنیان بەدوور گرتووە، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییەکی ئیدارەی ئەمریکا."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، "ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی لە دیاریکردنی وادەیەک بۆ حکومەتی لوبنان کردووە، بەڵام ئێستا چاوەڕێی بڕیارێکی ئەمریکا دەکات لەم بارەیەوە."