گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب راگیران
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا رایگەیاند، گەشتەکانی هاتن و چوون لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب بۆ 24 کاژێر راگیران.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 06-01-2026 شاری حەلەب بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانێکی قورس و تۆپباران لەنێوان هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر (هەسەدە و ئاسایش) و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق (سوپای سووریا).
ئاسایشی نێوخۆی حەلەب، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، دەڵێت، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە "تانک، تۆپ و کاتیۆشا" هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر سێ گەڕەکی شارەکە کە زیاتر لە 600 هەزار سڤیلی تێدایە و لە ئەنجامدا 3 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 26ی دیکەش بریندارن، کە منداڵی دوو ساڵانیان تێدایە.
وەزارەتی بەرگریی سووریاش لە راگەیێندراوێکدا "هەسەدە"ی بە زیادبوونی گرژییەکان و هێرشکردن تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، لە ریزەکانی سوپادا سەربازێک کوژراوە و 5ی دیکە بریندارن.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، لە ئەنجامی تۆپبارانی هەسەدە بۆ سەر گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان)، 3 سڤیل کوژراون و 12ـی دیکە بریندارن.
سوپاکە رایگەیاندووە لە وەڵامدا کۆگەیەکی چەک و پێگەی درۆنەکانی هەسەدەی وێران کردووە.
هەسەدە و ئاسایش بە تووندی رەتیدەکەنەوە دەستپێشخەری شەڕ بووبن و دەڵێن، حکومەت چەکی قورسی هێناوەتە نێو شار.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەمارۆ و هێرشەکانی سەر شێخ مەقسوودی بە "هەوڵێکی مەترسیدار بۆ تێکدانی یەکپارچەیی سووریا" ناوبرد.
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە دەڵێ، حکومەتی سووریا "تانک دەهێنێتە ناوچەکە."