هەسەدە: گرووپەکانی سەر بە دیمەشق تانک و تۆپیان هێناوە؛ هێزەکانمان تەقەیان لە خەڵک نەکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە گوایە هێزەکانی تۆپبارانی گەڕەکەکانی حەلەبیان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا "تانک و تۆپ"یان هێناوەتە شارەکە و تۆپبارانی شێخ مەقسوود دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی سووریا دایەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەسەدە بە هەموو شێوەیەک ئەو پڕوپاگەندە و تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە گوایە هێزەکانمان گەڕەکەکانی حەلەبیان کردووەتە ئامانج، چونکە بەپێی رێککەوتنی 1ـی نیسان، هێزەکانمان خاڵەکانیان رادەستی ئاسایشی نێوخۆ کردووە."
 
"تانک و تۆپ دژی سڤیلەکان"
 
هەسەدە دەڵێت، ئەوەی روودەدات دروستکردنی قەیرانە لەلایەن "گرووپە دابەشبووەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق" کە چوار مانگە گەمارۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان داوە.
 
سەبارەت بە دۆخەکەی ئەمڕۆ سێشەممە، هەسەدە دەڵێت، "ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە تۆپبارانکردنی گەڕەکەکان، کاری هەمان ئەو گرووپانەیە، بەتایبەت لە رۆژئاوا و باکووری حەلەب کە تێیدا مووشەکەکان بە ئاڕاستەیەکی سەربازیی روون لە خاڵی ئەو گرووپانەوە بەرەو گەڕەکەکانی شارەکە دەتەقێندرێن بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش و نانەوەی ئاژاوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوە لەوەی، "ئەو گرووپانە کارەکەیان گەیاندووەتە ئاستێک کە تانک و تۆپیان هێناوە بۆ تۆپبارانکردنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە ئەمەش دۆخێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی سڤیل و سەقامگیریی ناوچەکە."
 
رۆژێکی خوێناوی لە حەلەب
 
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە شەڕ و پێکدادانی قورس لە حەلەب دەستیپێکرد و هەسەدە و دیمەشق سەبارەت بە شەڕەکە یەکدییان تۆمەتبارکرد.
 
هەسەدە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی هەڕەمەکیی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە شێخ مەقسوود، ژنێک بەناوی (فاتیمە حەمادە) گیانی لەدەستداوە و 17 سڤیلی دیکە بریندارن کە ژن و منداڵیان تێدایە. 
 
میدیای فەرمیی سووریا (سانا) هەسەدەی بە تۆپبارانکردنی گەڕەکی (مەیدان) و باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ لە حەلەب تۆمەتبار کرد. تەندروستیی حەلەب کوژرانی 3 کەسی سڤیلی راگەیاند کە دووانیان ژنن. هەروەها گوتی، 9 فەرمانبەری حکومەت لە باڵەخانەی کشتوکاڵ بریندار بوون.
 
ئاژانسی سانا بڵاویکردەوە، بەهۆی چڕیی تۆپبارانەکەوە، دانیشتووانی گەڕەکی (نیل) لە حەلەب ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و ئاوارە بوون.