پارێزەرێک لە پاریس: قەدەخەکردنی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان شەرمەزارییەکی گەورەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەبڕیارێک، رێڤەبەری خۆسەر نووسینگەی رووداو و کارەکانی لە رۆژئاوای کوردستان راگرت، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 
لە نووسراوی قەدەخەکردنی تۆڕی میدیایی رووداودا لە رۆژئاوای کوردستان، تۆمەتێکی روون نەخراوەتەڕوو بۆ هۆکاری قەدەخەکردنەکە، تۆڕی میدیایی رووداویش رایگەیاند، ئەوەی کراوە بڕیارێکی سیاسی بووە و رووداو کارەکانی خۆی بە پڕۆفیشناڵانە کردووە.
 
پارێزەرێک لە پاریس دەڵێت، قەدەخەکردنی رووداو "شەرمەزارییەکی گەورەیە و دەبێتە رۆژێکی تاریک بۆ رۆژئاوای کوردستان". هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی کراوە بڕیارێکی سیاسییە.
 
عومران مەنسوور، پارێزەر لە پاریس دەڵێت، "ئێمە نازانین چییان دەوێت لە راگرتنی دەنگی گەلی کوردی سووریا، ئەوەی ئێستا خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر دەیکات و دەیەوێت میدیای خۆی بە تەنیا و یەک دەنگ هەبێت، ئەوە نابێت، سەرەڕای ئەوەش ئێمە چاودێر بووین کە رووداو زۆر شتیش هەبوون نەی دەگوتن، بۆئەوەی رێز لە مۆڵەتی خۆی بگرێت و رێز لەو شتە بگرێت کە واژۆی لەسەر کردووە، بەڵام خۆسەر دەیەوێت مرۆڤ تەنیا بۆچوونی ئەوان بڵێت، ئەوە شەرمە".
 
دژی قەدەخەکردنی کارەکانی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی بڕیارەکە، رایگەیاند، "بەو بڕیارە دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تەحەموولی هیچ کارێکی رۆژنامەگەری ناکات بە دڵی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە نەبێت و نایەوێت زانیارییەکانی ئەو ناوچەیە بگاتە جیهان".
 
هەروەها سەلوە سلێمان، سەرۆکی تۆڕی رۆژنامەڤانانی کوردی سووریا رایگەیاند، رووداو زەحمەتییەکانی گەلی رۆژئاوای کوردستانی گەیاندووەتە رێڤەبەری و هەموو خەڵک و کاری گەورەی کردووە.
 
سەرۆکی تۆڕی رۆژنامەڤانانی کوردی سووریا ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە هیوامان هەیە و داوا لە بەڕێوەبەری خۆسەر دەکەین، کە بڕیارەکەی بکشێنێتەوە و دەستهەڵگرێت لە هێرشکردنە سەر نووسینگەی رووداو و پەیامنێرەکانی".
 
ئەوە جاری یەکەم نییە و ساڵی 2015 بۆ ماوەی سێ ساڵ کارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان قەدەخە کرا، دوای ئەوەش نووسینگە و رۆژنامەڤانانی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی چەندین هێرش و هەڕەشە بوونەوە.