وەزارەتی بەرگریی سووریا: هەنگاوەکانی رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە لە حەسەکە دەستیان پێکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبی سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، دەستەکە و فەرماندەیی هەسەدە لە پارێزگەی حەسەکە گەیشتوونەتە قۆناخی جێبەجێکردنی مەیدانیی بەندەکانی رێککەوتنی نێوانیان.
بەپێی راگەیێندراوەکە، شاندێکی باڵای دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان و چەندین فەرماندەی سوپای سووریا لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەسەکە کۆبوونەتەوە. دوای کۆبوونەوەکەش هەردوولا گەشتێکی مەیدانیی هاوبەشیان بۆ چەندین ناوچە و شوێنی جیاواز لە پارێزگەی حەسەکە کردووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم گەشتە مەیدانییانە لە "کەشێکی ئەرێنیدا" بەڕێوەچوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر قۆناخ و خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو رێککەوتن کە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکان و رێککەوتنەکە بکرێ؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە "ئامانجی ئەم جووڵە مەیدانییانە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە گشتگیرەیە کە پێشتر لە نێوان دەوڵەتی سووریا و هەسەدەدا واژۆ کراوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، رێککەوتنەکە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
- کشانەوەی هێزە چەکدارەکان لە ناوچە نیشتەجێبووە سڤیلەکان بۆ خاڵە سەربازییە دیاریکراوەکان.
- کردنەوەی رێگە گشتییەکان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان.
- هاوکاریی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان لە مین و تەقەمەنی.
- لابردنی بەربەستە خۆڵین و کۆنکرێتییەکان.
- خێراکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی شەڕڤانان لەنێو دامەزراوەی سەربازیی سووریادا.