بەریتانیا سزا لەسەر بانکی ناوەندی و 23 دامەزراوەی دیکەی سووریا لادەبات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ سزای لەسەر بانکی ناوەندی و 23 دامەزراوەی دیکەی سووریا هەڵگرت کە لە ماوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەسەریاندا سەپاندبوون.
وەزارەتی دارایی بەریتانیا دەڵێت: "24 دامەزراوە لە لیستی سزاکان دەرهێنراون و چی دیکە سامانیان سڕ ناکرێت."
بانکی ناوەندی، بانکەکانی دیکە و ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتی سووریا لەنێو ئەوانەن کە لە لیستی سزا دەرهێنراون.
دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەم دا دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا، وڵاتانی رۆژئاوا بە رووی دیمەشق دا کرانەوە.
مانگی رابردووش، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا ژمارەیەک سزایان لەسەر سووریا هەڵوەشاندنەوە.