ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی گەڕەکی شێخ مەقسوود
رووداو - هەولێر
ماوەی دوو رۆژە بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گەڕەکی شێخ مەقسوود لەنێو شاری حەلەب بۆردومان دەکەن، کە گەڕەکێکی کوردنشینە. یەپەگەش دەڵێت "تاوەکو ئیستا 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 63 کەسی دیکەش برینداربوون و زۆربەشیان خەڵکی سڤیلن".
ئەو گرووپانەی گەڕەکەکە بۆردوومان دەکەن بریتین لە بەرەی نوسرە، ئەحرارشام و سوڵتان موراد و یەپەگە دەڵێت، ئەو گروپانە لەلایەن سعودیە و تورکیاوە لەدژی هێزەکانیان پاڵپشتی دەکرێت.
بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا وەک بەرەی نوسرە، ئەحرارشام، سوڵتان موراد ماوەی دوو رۆژە گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب، کە گەڕەکێکی کوردنشینە، تۆپباران دەکەن.
بەپێی لێدوانی هێزەکانی یەپەگە ئەو کەسانەی لە ئەنجامی تۆپبارانەکە کوژراون گەیشتووەتە 17 کەس و 63 کەسیش بریندارن، کە زۆربەیان سڤیلن، منداڵ و ژنن، بەڵام بەپێی دوایین ئامار ژمارەی کوژراوان بۆ 21 کەس و برینداران بۆ 70 کەس بەرزبوونەتەوە.
هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا یەپەگە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیەوێت رێگەی کاستیلۆ، کە دەکەوێتە باکووری شێخ مەقسود و رۆژهەڵات و رۆژئاوای حەلەب لەیەکداببڕێ، بەوەش رێگەی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەبڕێت.
لەو بارەوە تەڤدەم رایگەیاندووە کە پێویستە ئەو لایەنانەی سەرپەرشتی ئاگربەستی سووریا دەکەن، بێدەنگی لە بەرانبەر تۆپبارانی شێخ مەقسوود بشكێنن، داوای لە گەلی سووریا و بەرپرسانیش کرد هەڵوێستی خۆیان لە بەرانبەر هێرشەکانی سەر شێخ مەقسوود ئاشکرا بکەن.