پارێزگای سوەیدا ئیدارەیەکی خۆجێیی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
رێبەرایەتیی رۆحیی تائیفەی موەحیدینی دروز، دامەزراندنی لیژنەی باڵای یاسایی بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە راگەیاند. لیژنەکەش دەستبەجێ ئۆفیسێکی جێبەجێکاری کاتی و سەرکردایەتییەکی نوێی ئەمنیی بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دامەزراند.
بەپێی بەیاننامەیەک کە ئەمڕۆ 6ـی ئابی 2025 دەرچووە، دوای ئەو "قۆناخە هەستیار و کۆمەڵکوژییانەی" کە پارێزگای سوێدا پێیدا تێپەڕیوە، و لەپێناو "گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش"، رێبەرایەتیی رۆحیی دروزەکان بڕیاری پێکهێنانی "لیژنەی باڵای یاسایی" داوە کە لە دادوەر و پارێزەرە باڵاکانی ناوچەکە پێکدێت.
ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە بریتییە لە بەڕێوەبردنی هەموو کەرتەکانی سوێدا (کارگێڕی، ئەمنی، خزمەتگوزاری)، پاراستنی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان، و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
ئەندامانی لیژنەی باڵای یاسایی پێکدێن لە: دادوەر موهەنەد ئەبو فاعور، دادوەر ئەیمەن حەرفوش، دادوەر موفید عماشە، دادوەر عیسام عەراوی، دادوەر شادی مورشد، دادوەر موعتەز سائیغ، پارێزەر کەیان سەباغ، پارێزەر ئەنەس حاتوم، پارێزەر موعتەز رەزوان.
هاوکات، لیژنە باڵا یاساییەکە لە یەکەم هەنگاویدا، ئۆفیسێکی جێبەجێکاری کاتیی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان پێکهێنا و رایگەیاند، ئامانج لێی "دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاووڵاتییان بە خێراییەکی زۆر".
ئەندامانی ئۆفیسی جێبەجێکار و ئەرکەکانیان:
- ئەندازیار وەلید فەزڵوڵڵا قەزمانی: کەرتی ئەنجوومەنی شار و شارۆچکە و شارەوانییەکان.
- ئەندازیار فاتن ئیبراهیم جودیە: کەرتی کاروباری کۆمەڵایەتی، کار، مانگی سوور و خوێندنی باڵا.
- پارێزەر ماجد سەعید بەیروتی: کەرتی گواستنەوە، گەیاندن، کارەبا و پەیوەندییەکان.
- دکتۆر مازن فارس تەویل: کەرتی تەندروستی، رۆشنبیری، لاوان و وەرزش.
- ئەندازیار خەلدون فەوزی ئەبو سەعدە: کەرتی ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی.
- ئەندازیار نزال محەممەد عەزیز: کەرتی پلاندانان، بودجە و کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی.
- پارێزەر عیسام عەرەیج: کەرتی کشتوکاڵ، ئاو، سەرچاوە ئاوییەکان و کاروباری خانووبەرە.
- دکتۆر نەوال یونس نوعەیم: کەرتی پەروەردە، گەشتوگوزار، شوێنەوار، ژینگە و سامانە کانزاییەکان.
- ماهر غالب عەنداری وەک ئەمینداری گشتیی پارێزگای سوێدا راسپێردرا.
لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، لیژنە باڵاکە بڕیاری دەستنیشانکردنی سەرکردایەتییەکی نوێی بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەرکرد، بە ئامانجی "بەهێزکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتیان".
عەمید شوکەیب ئەجوەد نەسڕ، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سوێدا و عەمید ئەنوەر عادل رەزوان بە یاریدەدەری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دیاریکران.
لیژنەی باڵای یاسایی رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دڵنیایی و بەڕێوەبردنی کاروباری هاووڵاتییانە لە پارێزگاکە، دوای ئەو گرژییانەی بەم دواییانە روویانداوە.