مەسەدە بۆ رووداو: ناناوەندی چوارچێوەیەکی نیشتمانییە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سووریا

 
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (MSD) بە رووداوی رایگەیاند: "ناناوەندی چوارچێوەیەکی نیشتمانییە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سووریا لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هاوبەشی و هاووڵاتیبوونی یەکسان لە نێوان پێکهاتەکانیدا."
 
ئەمڕۆ شەممە، حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە، سەبارەت بە لێدوانەکانی تۆم باراک کە گوتبووی "ناناوەندی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرکەوتوو نەبووە" گوتی: "کاتێک دەگوترێت ناناوەندی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرکەوتوو نەبووە، ئێمە لەبەردەم ئەنجامگیرییەکی بەپەلەداین کە ریشەی قەیرانی سیاسی لە ناوچەکە پشتگوێ دەخات. ئەوەی لە ناوچەکە شکستیهێناوە ناناوەندی نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەوە مۆدێلی ناوەندیی تووندە کە دەوڵەتی قۆرخ کردووە، کۆمەڵگەی پەراوێز خستووە و ئەو لاوازییەی دروستکردووە کە ئەمڕۆ دەیبینین."
 
ئەو بەرپرسەی مەسەدە روونیشیکردەوە: "گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو 'ئەزموونە ناناوەندییانەی' لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبوون، هەرگیز ناناوەندی نەبوون بەو واتایە دامەزراوەییەی کە ناسراوە".
 
حەسەن محەممەد عەلی گوتی: "ناکرێت حوکم لەسەر مۆدێلێکی دەسەڵات بدرێت لەبەرئەوەی جێبەجێ نەکراوە، هەروەها ناکرێت بیرۆکەیەک بە شکستخواردوو وەسف بکرێت پێش ئەوەی دەرفەتێکی راستەقینەی بۆ جێبەجێکردن پێ بدرێت".
 
ئەو بەرپرسەی مەسەدە گوتی: "لە پرسی سووریادا، ئێمە ئەزموونێکی پراکتیکیمان هەیە کە بەڵگەیەکی جیاواز پێشکێش دەکات؛ ئەزموونی بەڕێوەبەریی خۆسەر و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، سەرەڕای گوشارە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکان، توانیویەتی ئاستێک لە سەقامگیری، خزمەتگوزاری و بەشداریی سیاسی دابین بکات کە دامەزراوە ناوەندییەکان بە دەیان ساڵ نەیانتوانی بەدەستی بهێنن".
 
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەک بژاردەیەکی تەکنیکی یان شێوازێکی ئیداری سەیری ناناوەندی ناکەین، بەڵکو چوارچێوەیەکی نیشتمانییە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سووریا لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هاوبەشی و هاووڵاتیبوونی یەکسان لە نێوان پێکهاتەکانیدا. ئەوە گەرەنتییەکی دەستوورییە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی زۆرداری، هەروەها میکانیزمێکە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و دابەشکردنی دەسەڵات لە جیاتی قۆرخکردنی".