رێبەرێکی عەلەوی داوای بایکۆتکردنی ئاهەنگ بۆ رووخانی ئەسەد دەکات

رووداو دیجیتاڵ

رێبەرێکی دیاری عەلەوییەکانی سووریا داوا لە پەیڕەوانی مەزهەبەکەی دەکات بایکۆتی ئاهەنگەکانی ساڵیادی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بکەن و دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکە بە "ستەمکار" وەسف دەکات. هاوکات لە رۆژئاوای کوردستانیش گردبوونەوە قەدەخە کرا.
 
لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە، بەشێک لە سووریاییەکان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ یەکەمین ساڵیادی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر و دوای نزیکەی 14 ساڵ جەنگ، هێزە ئیسلامییەکان کۆتاییان بەو دەسەڵاتە هێنا.
 
لەدوای لابردنی ئەسەد کە خۆیشی سەر بە مەزهەبی عەلەوی بوو، کەمینەی عەلەوی لەو وڵاتە بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. لە مانگی ئاداری رابردووشدا لە ناوچە کەناراوییەکان کە پێگەی سەرەکییانە، سەدان کەسیان لە زنجیرەیەک تووندوتیژیی تائیفیدا، کوژران.
 
غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا و دەرەوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە فەیسبووک دەڵێت: "لەژێر درووشمی ئازادیدا، دەیانەوێت ئاهەنگی گۆڕینەوەی رژێمێکی ستەمکار بە رژێمێکی ستەمکارترمان بەسەردا بسەپێنن."
 
غەزال دەشڵێت: "سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ شکاندنمان بە خراپترین شێوە لە رێگەی دەستگیرکردن، کوشتن، سەربڕین، رفاندن و هەڕەشەکردن لە بژێویمان، ئێستا ناچارمان دەکەن بەشداری لە ئاهەنگێکدا بکەین کە لەسەر خوێن و ئازار و مەینەتیی ئێمە بنیات نراوە و دەیانەوێت بێدەنگمان بکەن."
 
ئەو رێبەرە ئایینییە هەڕەشەی کرد و گوتی: "بە وەڵامێکی روون، ئاشتییانە و بە کۆمەڵ، رووبەڕووی دەستدرێژییەکانیان دەبینەوە."
 
غەزال داوای "مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری" کرد و داوای لە خەڵک کرد لە 8 تاوەکو 12ـی کانوونی یەکەم لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، ئەمەش وەک رەتکردنەوەیەک بۆ "بەهێزکردنی ستەمکارییەکی نوێ" کە وەک خۆی دەڵێت، "لەوەی پێشوو ستەمکارتر و دڕندەترە."
 
بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا، لە تووندوتیژییە تایفەگەرییەکانی مانگی ئاداردا لانی کەم هەزار و 426 عەلەوی کوژراون و دەشڵێن کە رووداوەکە بە هێرشی لایەنگرانی ئەسەد بۆ سەر هێزەکانی حکومەت دەستیپێکردووە. بەڵام روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەی کوژراوان بە زیاتر لە هەزار و 700 کەس دەخەمڵێنێت.
 
لە کۆتایی مانگی رابردوودا، هەزاران کەس لە ناوچە کەناراوییەکان خۆپێشاندانیان کرد لە دژی ئەو هێرشە نوێیانەی دەکرێنە سەر کەمینەکان، ئەوەش دوای ئەوەی غەزال داوای ناڕەزایەتی دەربڕینی کردبوو.
 
قەدەخەکردنی گردبوونەوە لە رۆژئاوای کوردستان
 
هەر ئەمڕۆ شەممە 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیاریدا رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە گردبوونەوە و چالاکییە جەماوەرییەکان قەدەخە بکات.
 
قامشلۆ هۆکاری بڕیارەکەی بۆ "دۆخی ئەمنی و زیادبوونی جموجۆڵی شانە تیرۆریستییەکان" گەڕاندەوە. بەپێی بڕیارەکە، تەقەکردن و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانیش لەو ماوەیەدا قەدەخەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێشتر رازی بووە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دامەزراوەکانی تێکەڵ بە حکومەتی دیمەشق بکاتەوە، بەڵام پڕۆسەکە خاو بووەتەوە. کوردانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا داوای سیستمی ناناوەندی دەکەن، بەڵام حکومەتی نوێی دیمەشق ئەو داواکارییە رەتدەکەنەوە.