هاکان فیدان لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆبووەوە؛ 'ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی سووریا و ناوچەکە'


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکان، نیگەرانییە ئەمنیەکانی تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەنگاوەکانی ئیسرائیل تاوتوێ کران.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەردانی سووریایان کرد.
 
لە دیداری فیدان و ئەحمەد شەرع، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پەرەسەندنانە کرا لە دوای رووخانی حکومەتی ئەسەدەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریادا لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستهاتوون، هەروەها جەخت لەسەر پتەوکردنی زیاتری هاریکاریی دوولایەنە کرایەوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی ئاسایشی نیشتمانییەوە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە سەرچاوە دەگرن، هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، بەتایبەتی لەم قۆناخەدا کە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا گرنگییەکی زیاتری هەیە. هەروەها هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بواری رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، تاوتوێ کراون.
 
باس لە کردەوە و لێدوانەکانی ئیسرائیل کران کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی سووریا و ناوچەکە. هاوکات، هاوئاهەنگی لەبارەی کارەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا و بووژاندنەوەی وڵاتەکە، بەشێکی گرنگی دیکەی گفتوگۆکانی پێکهێنا.
 
بەپێی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا)، لە دیدارەکەدا تاوتوێی پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەکان و رێگاکانی پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا کراوە.
 
یەکەم سەردانی هاکان فیدان بۆ سووریا لە 22ی کانوونی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا. لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. سەردانی دووەمیشی رۆژی 13ـی ئاداری 2025 کرا. وەزیری دەرەوە لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، بۆ سووریا ئەنجامدا.
 
هاوکات، ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا بە بۆنەی جیاوازەوە سەردانی تورکیایان کردووە.
 
لەو سەردانانەدا، تیشک خراوەتە سەر دۆخی ئەمنیی سووریا و ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی تەواو لە وڵاتەکەدا بنرێن، هەروەها پرسە سیاسی، ئابووری و مرۆییەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە. جەخت لەسەر دەرفەتەکانی بە دامەزراوەییکردنی هاریکاریی دوولایەنە کراوەتەوە و دووپاتکراوەتەوە کە تورکیا ئامادەیە لە هەموو بوارەکاندا پشتیوانیی سووریا بکات.