دوایین زانیاری لەبارەی رەوشی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب؛ ئاگربەست راگەیێندرا و دانوستاندن دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا رایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەدوای چەند کاژێرێک لە شەڕوپێکدادانی سەخت لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی لەو ناوچانەی شارەکە رێککەوتن.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا رایگەیاند، بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی شەوی دووشەممەی گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، لانیکەم ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا کوژراوە و هاوڵاتییەکیش لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کوژراوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، لەبارەی شەڕوپێکدادانەکانی شەوی دووشەممە، هێزەکانی حکومەتی سووریا لەرێگەی بەکارهێنانی درۆنەوە، هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب؛ شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیی سووریاوە وەریگرتووە، "لەئەنجامی هێرشێکی هەسەدە دا، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژراوە و سێ کەسی دیکەش لە نزیک گەڕەکی شێخ مەقسوود برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی هاوڵاتییەکی سڤیل لە ئەنجامی بۆردوومانی هێزە کوردییەکان کوژراوە."
بەڵام هەسەدە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی سووریا رەتکردەوە و هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشقیان تۆمەتبار کردووە بە گەمارۆدانی گەڕەکە کوردییەکانی و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گەڕەکانە لەرێگەی تانک و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆرەوە.
ئەو شەڕوپێکدادانە لەدوای ئەوە دێت، گرژییەکانی چەند مانگی رابردووی نێوان دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پەرەیسەندووە.
هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە لەکاتی شەڕەکەدا، هێڵەکانی پەیوەندیی لەو گەڕەکانە پچڕاون و هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، بە بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر ناوچەکەیان گەمارۆ داوە.
لەدوای رووخاندنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، حەلەب لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی سووریاوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دا ماونەتەوە.
میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا ئاماژەشی بەوە کردووە، "دەیان خێزان" بەهۆی تۆپبارانی قورس بە چەکی قورس و هاوەن لەلایەن هەسەدە لەو ناوچەیە و بەتایبەت لەگەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەڵهاتوون.
لەو بارەیەشەوە، عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب، داوای لە دانیشتووانی شارەکە کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و "تا دەتوانن خۆیان لەو ناوچانەی شەڕوپێکدادانیان تێدایە، بەدووربگرن."
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا لەبارەی ئەو شەڕوپێکدادانەوە، بڵاویکردەوە، لەدوای دروستبوونی پێکدادانەکان، چەندین هاووڵاتی سڤیل بە برینداریی گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
دواتر ئاژانسەکە رێککەوتنی هەردوو هێزی سەر بە حکومەت و هەسەدەی لەگەڕەکە کوردییەکان رایگەیاند، بەڵام بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەبارەی ئاگربەستەکە ئاشکرا بکەن.
میدیای فەرمی ئاماژەشی بەوە داوە، دانیشتووانی گەڕەکە کوردییەکان چەکیان هەڵگرتووە، بەمەبستی هاوکاریکردنی هێزەکانی هەسەدە و ئاسایش بۆ بەرگریکردن لەو دوو گەڕەکە کوردنشینە.
لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی شاری حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبوو. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، حەوت رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە داخران و هاتووچۆیان قەدەخە کرد.