دوای کوژرانی کەسێک و برینداربوونی 50ـی دیکە بێدەنگی باڵی بەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبدا کێشاوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی شەوی رابردوو لە گەڕە کوردنشینەکانی حەلەب، بێدەنگی ناوچەکەی گرتووەتەوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شارەکە دەڵێت، شەوی رابردوودا 50 کەس بریندار بوون و هاونیشتمانییەکی سڤیلیش گیانی لەدەستداوە.
محێدین حەمۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی کوردنیشین لە حەلەب، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە شەڕی شەوی رابردوودا کەسێکی سڤیل کوژراوە و نزیکەی 50 کەسی دیکەش بریندار بوون".
هەر ئەمڕۆ محەممەد ئەمین عەلیکۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پەیەدە لە حەلەب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە شەڕ نەماوە و بێدەنگی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.
دوای ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردوو، بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق دەستیان بە دانوستاندن کرد و ئاگربەستیان راگەیاند.
محەممەد ئەمین عەلیکۆ گوتی: "ئەمڕۆش دانوستاندنەکان بەردەوام دەبن".
شەوی رابردوو لە حەلەب چی روویدا؟
شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا حەوت رێگەی هاتووچۆی هەردوو گەڕەکەکە هەن هەموویان داخستوون".
دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی حکومەتی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەکی قورس، ئاگربەستیان راگەیاند.
بۆ هۆکاری دەستپێشخەری شەڕەکەی شەوی رابردوو، وەزارەتی بەرگرییی حکومەتی کاتیی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد، بەڵام هەسەدە بە راگەیێندراوێک وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ئاڵۆزییەکانی خستە ئەستۆی هێزەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا.