وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ رووداو: ئاگربەست راگەیێندرا، رێگەکان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، هۆکاری داخستنی رێگەکانی نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشق ئەوە بوو، گوایە ژمارەیەک لە "تاوانباران و پاشماوەکانی رژێمی ئەسەد" لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا هەبوون و، ئەو هێزە زۆرینە کوردییەش لە رادەستکردنیان هاوکار نەبووە.
رۆژی سێشەممە 07-10-2025 نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر کاتێک ئاگربەست راگەیێندرا، هەموو رێگەکان دەکرێنەوە.
نورەدین بابا هۆکاری داخستنی رێگەکانی شێخ مەقسوود و حەلەبیشی بۆ ئەوەی گەڕاندەوە، گوایە "پاشماوەکانی رژێمی رووخاو" لەو شوێنانە دەمێننەوە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش کارئاسانییان بۆ دەکەن.
شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.
دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی حکومەتی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەکی قورس، ئاگربەستیان راگەیاند.
"کەسێک کوژراوە و 50ـی دیکەش بریندار بوون"
دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی شەوی رابردوو لە گەڕە کوردنشینەکانی حەلەب، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شارەکە رایگەیاند، شەوی رابردوودا 50 کەس بریندار بوون و هاونیشتمانییەکی سڤیلیش گیانی لەدەستداوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا:
رووداو: ئێستا دۆخی هاتووچۆ لەنێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا چۆنە؟ ئایا رێگەی حەلەب - دێرحافر، ئەسریا - دیمەشق و رێگەی نێوان سەخنە - تەبقە کراوەیە کە دوو رۆژ لەمەوبەر داخرابوون؟ هۆکار چییە؟
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا: دوای راگەیاندنی ئاگربەست، هەموو رێگەکان بە هەموو ئاراستەکان دەکرێنەوە. هۆکاری داخستنی رێگەکان لە بنەمادا هاوکارینەکردنی هەسەدە بوو لە دەستگیرکردنی تاوانباران و پاشماوەکانی رژێمی پێشوو، ئەوانەی کە لە ناوچەکانی هەسەدە خۆیان حەشارداوە و ئەو ناوچانەیان بۆ خۆپاراستن لە دادپەروەری بەکارهێناوە.
رووداو: هۆکارەکانی داخستنی رێگەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب چین و تەنیا یەک رێگە ماوەتەوە؟
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا: هۆکاری هێشتنەوەی یەک رێگە بۆ پاراستنی دۆخی ئاسایشە لە شاری حەلەب، چونکە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ببوونە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی پاشماوەکانی رژێمی رووخاو بەهۆی کارئاسانییەکانی هەسەدە بۆیان.