بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: لەگەڵ دیمەشق لەسەر ئاگربەست و یەکخستنی هێزەکان رێککەوتنی زارەکی کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، شاندێکیان بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەتەوە و رێککەوتنی زارەکی لەسەر چوار خاڵی سەرەکی کراوە، لەنێویاندا راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و یەکخستنی هێزە سەربازییەکان، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی نووسراو واژۆنەکراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادە بووە.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، گفتوگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر "هەنگاوی کرداری بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار."
 
ئاگربەستی دەستبەجێ و سەرتاسەری
 
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان راگەیاندنی ئاگربەستێکی "دەستبەجێ و سەرتاسەری"یە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب، بە ئامانجی ئەوەی "هەموو سووریاییەکان لە وڵاتێکی ئارامدا بژین."
 
یەکخستنی هێزە سەربازییەکان
 
هەروەها گفتوگۆ لەسەر بنەمای "یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ" کراوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم رێککەوتنە زارەکییە دەتوانێ ببێتەهۆی دروستبوونی "سوپایەکی رێکخراو و کارا کە خزمەت بە پاراستنی هەموو سوورییەکان بکات."
 
هەموارکردنەوەی دەستوور
 
خاڵێکی دیکەی گرنگی گفتوگۆکان ئەوە بووە کە "دەستووری سووریا هەموار دەکرێتەوە." راگەیێندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، "دەستووری وڵات دەبێت نوێنەرایەتیی هەموو دانیشتووانەکەی بکات و هەموو تاکێک بپارێزێت."
 
گەڕانەوەی ئاوارەکان و شەڕی دژی تیرۆر
 
گفتوگۆکان هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێگەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان لەخۆگرتووە، کە وەک "پرسێکی سەرەکی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام لە سووریا" وەسف کراون.
 
لە کۆتاییدا، راگەیێندراوەکە سوپاسی فەرەنسا و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)ی کردووە بۆ "پشتیوانییە بنەڕەتییەکەیان لەم دیالۆگەدا."
 
شەڕ و گرژی
 
شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.
 
دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە سەر شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیان دا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی هێزەکانی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەک، ئاگربەستیان راگەیاند.
 
دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی شەوی رابردوو لە گەڕە کوردنشینەکانی حەلەب، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شارەکە رایگەیاند، شەوی رابردوودا 50 کەس بریندار بوون و هاونیشتمانییەکی سڤیلیش گیانی لەدەستداوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق.
  
مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا گوتی، لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەستێکی سەرتاسەری دراوە.
 
وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژەی بەوەدا، راگرتنی شەڕ هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە.