وەزیری دەرەوەی سووریا هێرشدەکاتە سەر بارزانی

رووداو- بەیروت

وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی حكومەتی سووریا باسی رەوشی کۆبانێ دەکات کە ئەو  بە "عەین و لعەرەب" ناوی دەبات و دەڵێت هەموو رۆژێكی بەرگریی لەو "شارە سوورییە" سەرکەوتنە بۆ وڵاتەکەی و دۆڕانە بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەکانی، هیچ کاتێکیش رێگە بە جیابوونەوەی کورد نادەن.

موعەلیم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی نزیک لە دیمەشق، وەڵامی چەند پرسیارێک لەسەر کۆبانێ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەداتەوە. ئەو بەرپرسەی حكومەتەكەی ئەسەد دەڵێت بەرگریی کوردانی "عەین و لعەرەب"  بووەتە هۆی یەکگرتنی کورد لەژێر سەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان  و هەر رۆژێکی بەرگری زۆرتر لەو شارە بریتییە لە شکستی زۆرتر بۆ بارزانی و ئەردۆغانی هاوپەیمانی.

موعەلیم دەڵێت:" ئێمە بڕیارمانداوە وەڵامی سەربازی هەر دوژمنکارییەکی تورکیا بدەینەوە و داوای چەکی پێشکەوتوومان کردووە بۆ رێگەگرتن لەو دوژمنکارییە".

لەبارەی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی PYD  و کانتۆنەکانی رۆژئاوای كوردستان، موعەلیم ئاماژە بەوە دەکات کە سووریا بە هیج جۆرێک رێگە بە جیابوونەوەی کورد نادات و دەڵێت:" ئەو ئیدارانەی دروستکراون لە ناوچە کوردییەکانی سووریا بۆ بەڕێوبردنی کارەکانیانن لەم بارودۆخەی جەنگ و نەشیانویستووە تەنها کوردیی بێ، بەڵکو بەشداریشیان بە هۆزە عەرەبەکان کردووە."

وەزیری دەرەوەی سووریا دەشڵێت:" ساڵح موسلیم کەسێکی جوداخواز نییە و  سووریاش بە هیچ جۆرێك رێگە بە جیابوونەوە ی کورد نادات و  دانی پێدانانێت". لەبەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا موعلیم دەڵێت بەردەوام هاوکاری سەربازی شەڕڤانیان لە کۆبانێ کردووە و بەردەوام دەبن.