ترەمپ: لەسەر داوای تورکیا و ئیسرائیل سزاکانی سەر شەرعمان هەڵگرت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای تورکیا و ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی دیکە، سزاکانی سەر سەرۆکی سووریایان هەڵگرتووە، سەرۆکی سوریاشی بە پیاوێکی بەهێز ناوبرد و لە گەڵیشیدا کۆدەبێتەوە.
 
کۆتایی ئەم هەفتەیە لەسەر داوای ئەمریکا، ئەنجوومەنی ئاسایش سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریای هەڵگرت. دوای بڕیارەکە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە سزاکانمان لەسەر داوای تورکیا هەڵگرت، لەڕاستیدا لەسەر داوای ئیسرائیلیش."
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی دووشەممە، شەرع سەردانی واشنتن بکات و لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە. 
 
ترەمپ پشتڕاستیکردەوە کە لەگەڵ شەرع کۆدەبێتەوە و رایگەیاند، "ئێمە کۆدەبینەوە و پێموایە [ئەو] کاری زۆر باش دەکات. [ئەوێ] ناوچەیەکی سەختە و ئەویش پیاوێکی بەهێزە، بەڵام من زۆرباش لەگەڵیدا هەڵمکردووە و پێشکەوتنی زۆر لەگەڵ سووریا بەدەستهاتووە. ئەوە بابەتێکی سەختە، بەڵام پێشکەوتنی زۆر بەدەستهاتووە."
 
بڕیارنامەکە کە لە لایەن ئەمریکاوە پێشكێش کرابوو، دەڵێت: "ئەنجوومەن بڕیاری دا کە ئەحمەد شەرع و ئەنەس حەسەن خەتاب [وەزیری ناوخۆی سووریا] لە لیستی سزاکانی داعش و قاعیدە دەربهێنێت."
 
لە کۆی 15 وڵاتی ئەندام، 14 وڵات دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا. چین نە بە بەڵێ و نە بە نەخێر، دەنگی نەدا. 
 
هەڵگرتنی سزاکانی سەر شەرع بە فەرمی، زیاتر هەنگاوێکی هێماییە (سیمبۆلیکە)، چونکە هەر جارێک پێویستی بە گەشتکردن بووبێت بۆ دەرەوەی سووریا، لە رۆڵی خۆیدا وەک سەرۆکی وڵاتەکە، سزاکان بە شێوەیەکی کاتی هەڵگیراون. سڕکردنی سامان و گەمارۆی چەکیش هەڵدەگیرێن.
 
هەرچەندە ئەمە یەکەم سەردانی شەرع دەبێت بۆ واشنتن، بەڵام دووەم سەردانی دەبێت بۆ ئەمریکا دوای گەشتە مێژووییەکەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، کە تێیدا بووە یەکەم سەرۆکی سووریا دوای دەیان ساڵ گوتار لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێشکێش بکات.
 
لە مانگی ئایار، سەرۆکە راگوزەرەکە بۆ یەکەم جار لە ریاز لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە. ترەمپ بە گەشتێکی هەرێمی لە سعودیە بوو. 
 
گرووپەکە چەکدارەکەی شەرع، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، کە پێشتر سەر بە قاعیدە بووە، لە مانگی تەممووزی رابردوو لەلایەن واشنتنەوە لە لیستی تیرۆر دەرکرا.
 
هەتەشە لە کانوونی یەکەمی پار سەرکردایەتیی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. سەرۆکی پێشوو بەرەو مۆسکۆ هەڵات.