هاوپەیمانیی کریستیان: 1200 خێزانی ئێزدی لە حەلەب مەترسیی کۆمەڵکوژییان لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی کریستیان لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا هۆشداری لە دۆخی مەترسیداری کوردانی ئێزدی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەدات و رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 1200 خێزانی ئێزدی رووبەڕووی مەترسیی "تۆقێنەر" بوونەتەوە و داوای دەستوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن.
 
هاوپەیمانیی کریستیان لە بەیاننامەیەکدا کە ئاراستەی رای گشتیی جیهان، ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمکاری عەرەبیی کردووە، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی حەلەب دەربڕیوە. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە، "مەترسیی گەورە لەسەر بوونی ئێزدییەکان هەیە بەهۆی کۆچپێکردنی زۆرەملێ، گەمارۆدان و بۆردوومانی هەڕەمەکی بۆ سەر گەڕەکەکان."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی کریستیان، ئەو 1200 خێزانە ئێزدییە لە دۆخێکی مرۆیی کارەساتباردان و ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن، کە ئەگەری روودانی پێشێلکاریی گەورە هەیە، کە دەچنە چوارچێوەی "تاوانی جەنگ یان پاکتاوی رەگەزی"، ئەوەش لە سایەی نەبوونی پاراستن و رێڕەوی ئارام.
 
هاوپەیمانییەکە داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، یەکێتیی ئەوروپا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ:
 
- راگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بۆردوومانی هەڕەمەکی.
 
- دابینکردنی رێڕەوی مرۆیی ئارام بۆ رزگارکردنی ئەو خێزانە گەمارۆدراوانە.
 
- ناردنی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان.
 
- رێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی جینۆساید دژی ئێزدییەکان.
 
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، هاوپەیمانیی کریستیان پشتیوانیی خۆی بۆ پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەربڕیوە و دەڵێت: "بەرز دەینرخێنین کە سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە لەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان نابێت بکرێنە پاساو بۆ خستنە مەترسیی ژیانی مەدەنییەکان یان ئەنجامدانی پاکتاوی رەگەزی."
 
هاوپەیمانییەکە هۆشداری دەدات لەوەی درێژەکێشانی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی شەپۆلی نوێی کۆچبەری، تێکچوونی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی تووندڕەوی.
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "کات خەریکە بەسەردەچێت و مەترسییەکان زیاد دەکەن. خوشک و برا ئێزدییەکانمان بەر لە دەیەیەک لەسەر دەستی داعش تووشی جینۆساید بوون و هێشتا برینەکەیان ساڕێژ نەبووە، بۆیە نابێت جیهان تەماشاکەر بێت لەبەردەم هەوڵێک بۆ لەڕەگەوە هەڵکێشانی خەڵکێکی ئاشتیخواز."
 
لە رۆژی سێشەممەوە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کەوتوونەتە ژێر هێرشی تووندی سوپای عەرەبیی سووریا. تۆپبارانی چڕ و بەکارهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراو بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان سڤیل.
 
بەگوێرەی هەسەدە، حکومەتی سووریا زیاتر لە دوو هەفتەیە گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب و رێگە نادات سووتەمەنی و پێداویستیی پزیشکی بچێتە ژوورەوە. ئەمەش وایکردووە نەخۆشخانەکان لەکار بکەون و مۆلیدەکانی کارەبا بوەستن.
 
بە گوێرەی ئامارەکان، هیچ لایەک لە زیان بێبەش نەبووە. لە گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئاماری قوربانییان بۆ 8 گیان لەدەستدان و 58 بریندار بەرزبووەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتیش (وەک مەیدان) بەشێکیان لە ئاگرەکە بەرکەوتووە. تەندروستیی حەلەب باسی 5 کوژراو و 27 بریندار دەکات، جگە لە کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 3 ئەندامی ئاسایشی نێوخۆ.