دوایین ئامار؛ لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57یش بریندارن
رووداو دیجیتاڵ
هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەردەوامە، بەگوێرەی دوایین ئامار تاوەکو ئێستا 8 کەس گیانیان لە دەستداوە و 57 کەسیش بریندارن.
هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاویکردەوە، لە گەڕەکی بەنی زەیدی شاری حەلەب، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دوو هاونیشتمانیی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و برینداری کردوون.
هەسەدە ڤیدیۆی دوو بریندارەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەرچەندە تیمەکانی فریاکەوتن هەوڵیان داوە بگەنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەکە بە چڕی و بەردەوامی بۆردوومان دەکرێت، نەیانتوانیوە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە بگوازنەوە، ئەمەش مەترسیی راستەقینەی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجوومەنی تەندروستیی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود رۆژی پێنجشەممە 8-01-2026 دوایین ئاماری قوربانییانی هێرشەکەی سوپای عەرەبیی سووریای بۆسەر هەردوو گەڕەکەکە بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە بۆ 8 کەس بەرزبووەتەوە و 57 کەسیش بریندارن.