هەسەدە: گرووپەکانی نزیک لە دیمەشق دوو هاووڵاتیی سڤیلیان کوشت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی سووریا بە چەکی قەناس تەقە لە خەڵک دەکەن، ناوە ناوەش تۆپبارانی گەڕەکەکانی ئەشرەفییەوە و شێخ مەقسوود دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2026 فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە ئێکس بڵاویکردەوە، "گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق بە چەکی قەناس و تۆپباران دوو هاووڵاتیی سڤیلیان کوشت و چواری دیکەشیان بریندار کرد.
شامی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە نیوەڕۆی ئەمرۆ لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بوونە قوربانی.
راگەیاندنی کوژرانی ئەو کەسانە دوای ئەوە هات کە پێشتر دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە کاژێر 01:30ی دوا نیوەڕۆوە تاوەکو کاتێکی نادیار لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید قەدەخەی هاتووچۆ دەبێت."
ئەو دەستەیە داوا لە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات، "لە سەرجەم بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی هەسەدە دووربکەونەوە." هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، "سوپای سووریا لە کاژێر 01:30ی پاشنیوەڕۆوە، دەست بەهێرشی چڕ و ورد بۆسەر بارەگاکانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە، شێخ مەقسوود و بەنی زەید دەکات."
لە رۆژی سێشەممەوە هێرشەکانی سوپای سووریا بە تانک و تۆپ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، هێرشەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن.