هاوسەرۆکی کۆچبەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: رێگەی ناوچەکانی ئێمە و حەلەب داخراوە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەرانی خۆبەڕێوەبەری دەڵێت، سوپای عەرەبیی سووریا رێگەی نێوان ناوچەکانی ئەوان و حەلەبی داخستووە. دەشڵێت، "هیچ کۆچبەرێک لە حەلەبەوە نەگەیشتووەتە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
شێخمووس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەرانی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ شەپۆلێکی کۆچبەری لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە هەبوو، بەشێکیان بەرەو ناوەندی حەلەب و بەشێکی دیکەشیان بەرەو عەفرین چوون، کە خۆیان خەڵکی عەفرین بوون."
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، تاوەکو ئەمڕۆ "هیچ کۆچبەرێک لەو دوو گەڕەکەوە نەگەیشتووەتە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا [ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان]."
شێخمووس ئەحمەد گوتی، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا رێگەی نێوان حەلەب و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریایان داخستووە و رێگە نادەن خواردن، خواردنەوە و دەرمان بگاتە ئەو دوو گەڕەکە."
بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات، ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەهۆی هەبوونی کۆچبەرانی شەهبا و تل رەفعەتەوە ناتوانن جێگە بۆ ئەو کەسانە دابین بکەن کە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود جێدەهێڵن.
بە بڕوای شێخموس ئەحمەد، سوپای عەرەبیی سووریا "دەیانەوێت کۆچبەرییەکی گەورە دروست بکەن و خەڵک لە ماڵەکانیان بە زۆر دەربکەن." داواشی کرد، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رێگە بە کۆچبەربوونەوەی خەڵکی ئەو دوو گەڕەکە نەدەن."