ئاسایشی حەلەب: هەڕەشەی بۆردوومانکردنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە "تاوانی جەنگە"

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایدەگەیێنێت، هەڕەشە ئاشکراکانی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ بۆردوومانکردنی گەڕەکە کوردنشینەکان، بەڵگەی یاسایین لەسەر بوونی "نیەتی تاوانکاری" و دەچنە چوارچێوەی "کۆچپێکردنی زۆرەملێ."
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو هەڕەشانە دەداتەوە، کە لەلایەن "دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان"ی سەر بە گرووپەکانی حکومەتی دیمەشقەوە کراون و دەڵێت، "هەڕەشەی ئاشکرا و بەردەوام بۆ بۆردوومانکردنی ناوچە نیشتەجێنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، رێکارێکی ئەمنی یان سەربازی نییە، بەڵکو تۆقاندنی راستەوخۆی خەڵکی مەدەنییە."
 
رۆژی پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە کاژێر 1:30ی دوا نیوەڕۆوە تاوەکو کاتێکی نادیار لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید قەدەخەی هاتووچۆ دەبێت."
 
ئەو دەستەیە داوا لە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات، "لە سەرجەم بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی هەسەدە دووربکەونەوە." هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، "سوپای سووریا لە کاژێر 01:30ی پاشنیوەڕۆوە، دەست بە ئەنجامدانی هێرشی چڕ و ورد بۆسەر بارەگاکانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە، شێخ مەقسوود و بەنی زەید دەکات."
 
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، "ئامانجی ئەو هەڕەشانە ناچارکردنی خەڵکە بە جێهێشتنی ماڵەکانیان لەژێر زەبری چەکدا، ئەمەش بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی وەک "کۆچپێکردنی زۆرەملێ" پۆلێن دەکرێت و بە "تاوانی جەنگ" ئەژمار دەکرێت.
 
ئاسایشی حەلەب جەخت دەکاتەوە، دەرکردنی ئەو هەڕەشانە بە ئاشکرا، "بەڵگەی یاسایی روونە لەسەر بوونی نیەتی تاوانکاری" و زەمینەسازییە بۆ ئەنجامدانی کوشتنی بە ئەنقەست، بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان و وێرانکردنی ژێرخانی مەدەنی.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئاسایشی حەلەب حکومەتی دیمەشق و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بەرپرسیاری تەواو دەزانێت بەرامبەر هەر زیانێک کە بە مەدەنییەکان بگات و دەڵێت: "ئەمە تەنیا لێدوانێکی میدیایی نییە، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکی یاساییە بە روودانی تاوان؛ بۆیە دەیخەینە بەردەم رای گشتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان."