ئەحمەد هیلالی بۆ رووداو: زمانی کوردی زمانێکی نیشتمانییە و عەرەبییش وەک زمانی فەرمی دەمێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا دەڵێ، بەگوێرەی مەرسوومی 13ی سەرۆکایەتی، زمانی کوردی زمانێکی نیشتمانییە، بەڵام "یاسا پابەندکەرە بۆ بەکارهێنانی عەرەبی لە دامەزراوە فەرمییەکان، کەرتی خوێندن و مامەڵە یاساییەکان."
 
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بە سۆلین محەممەد ئەمین، پەیامنێری رووداوی لە دیمەشق راگەیاند: "مەرسوومی ژمارە 13ی سەرۆکایەتی، دان دەنێت بە زمانی کوردیدا وەک زمانی نیشتمانی لە وڵاتدا. بەپێی مەرسوومەکە، رێگە دەدرێت زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان بخوێندرێ، بەتایبەت لەو ناوچانەی کورد رێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئارەزوومەندانە یان وەک چالاکیی کولتووری و پەروەردەیی."
 
سەبارەت بە زمانی عەرەبی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی دەڵێت، زمانی عەرەبی وەک "تاکە زمانی فەرمی" سووریا دەمێنێتەوە و وەک "کۆڵەکەیەکی سەرەکیی دەستوور و یاساکان" تەماشا دەکرێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە "یاسا پابەندکەرە بۆ بەکارهێنانی عەرەبی لە دامەزراوە فەرمییەکان، کەرتی خوێندن و مامەڵە یاساییەکاندا، چونکە پاراستنی زمانی عەرەبی بە بەشێک لە سەروەریی دەوڵەت و سیستمی گشتی دادەنرێ."
 
ئەحمەد هیلالی ئەوەی خستەڕوو کە لە قۆناخی ئێستادا و بەپێی "راگەیێندراوی دەستووری"، ناکرێ لەم یاسا کارپێکراوانە لابدەین، مەگەر لە رێگەی هەموارکردنەوەی دەستووری و یاسایی لە داهاتوودا." دەشڵێت، هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە "دەبێت لەژێر چەتری پەرلەمانی داهاتووی سووریادا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆببێتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی لادانی تابلۆی ناونیشانی کۆشکی دادی لە حەسەکە، کە زمانی کوردی لەسەر بوو، ئاڵۆزی دروست بوو. بەشێک لە دانیشتووانی حەسەکە هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە و تابلۆ نوێیەکەیان، کە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەری نووسرابوو هێنایانە خوارەوە.