داعش هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا؛ '10 سەرباز کوژران'

 
رووداو دیجیتاڵ

چەکدارانی رێکخراوی داعش هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا و نزیکەی 10 سەرباز و چەکداری نزیک لە حکومەتیان کوشت.
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 07-08-2023 چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی سوپای سووریا لە ناوچەیەکی پارێزگای رەققە و 10 سەربازی سوپا و چەکداری سەر بە حکومەتیان کوشتوون و شەش سەربازی دیکەیان بریندار کردوون و برینی هەندێک لەوانیش سەختە.
 
بەشێکی زۆری پارێزگای رەققەی سووریا بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێگەیەکی بەهێزی رێکخراوی داعش بوو و شارەکەش پایتەختی خەلافەتەکەی بوو کە ساڵی 2014 رایگەیاند، بەڵام لە ساڵی 2017دا هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش شارەکەی کۆنترۆڵ کردەوە.
 
لە ئاداری 2019یشدا هەسەدە دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعشی لە بەری رۆژهەڵاتی فورات کۆنترۆڵ کردەوە کە باغۆز بوو.
 
ئێستا هێزەکانی حکومەتی سووریا بەشی باشوور و رۆژهەڵاتی رەققەیان لەژێر دەسەڵاتدایە و بەشی زۆری ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە.