لەدژی سعودیە پەیەدە كۆنگرەیەك لە دێرك سازدەكات
رووداو- قامشلۆ
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 2015/12/8، بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کە بە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی ناسراون، لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسێکی دوو رۆژە بەڕێوەببەن. کۆنفڕانسەکە لەژێر ناوی "سووریای دیموکراتیک" بەڕێوەدەچێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، دەستەی هەماهەنگی سووریا بەسەرۆکایەتیی حەسەن عەبدولعەزیم، رەوتی قەمح بەسەرۆکایەتیی هەیسم مەنان و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئاشووری، تورکمانی و عەرەبی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار دەبن.
کۆنفرانسەکە وەک وەڵامێكە لەبەرامبەر کۆنفرانسی ریاز کە ئەمڕۆ لە سعودیە بەڕێوەدەچێت و زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی سووری و نوێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمان لە دژی داعش تێیدا بەشدارن.
بەرپرسانی سعودیە، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پەیەدە و یەپەگەیان بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت نەکردووە و تەنیا دوو نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە کۆنفرانسەکەی ریاز دەبن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کانتۆنەکان لە کاردانەوەیەکی پێشوەختدا، راگەیاندبوو: "بەهیچ بڕیارێک پابەند نابن کە لە کۆبوونەوەی ریازدا دەدرێت و هیچ کەسێک ناتوانێ بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بەسەر کورد بسەپێنێت".
لە دووەمین کۆبوونەوەی ڤیەننا کە لە 14/11/2015 بەڕێوەچوو، لایەنە پەیوەندیدارەکانی شەڕی سووریا لەسەر پێکهێنانی حکومەتی کاتی رێککەوتن، تاوەکو ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی بکرێت.
بەپێی رێککەوتنەکە، پێویستە لەماوەی مانگێکدا ئاگربەست لەنێوان لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا رابگەیێندرێت، دوای تێپەڕبوونی 6 مانگیش حکومەتی کاتی پێکبێت. ئەو حکومەتە کاتییەش لەماوەی 18 مانگدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بەڕێوەببات.