متمانەی خەڵکی سووریا بە وڵاتان؛ سعودیە و قەتەر لەپێش تورکیاوەن
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەمین رووپێویی گشتگیری دوای قۆناخی بەشار ئەسەد، هەڵوێستی خەڵکی سووریا بەرامبەر سیاسەتی دەرەوە و دۆخی ناوخۆ ئاشکرا کرا. بەگوێرەی ئەنجامەکان، سعودیە بە رێژەی 87% لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە سووریاییەکان زۆرترین متمانەیان پێیەتی، دوای ئەو قەتەر بە 83% دێت و تورکیاش بە 73% لە پلەی سێیەمدایە.
رووپێوییەکە لەلایەن تۆڕی توێژینەوەی عەرەب بارۆمیتەر (Arab Barometer) و ئار ئێم تیم ئینتەرناشناڵ (RMTeam International) لە نێوان 29ـی تشرینی یەکەم و 17ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کراوە. تێیدا چاوپێکەوتنی رووبەڕوو لەگەڵ هەزار و 229 کەس بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی و بەشێوەی هەڕەمەکی کراوە.
بەپێی گۆڤاری (فۆرین ئەفێرز)، سەرەڕای ئەوەی تورکیا رۆڵێکی سەرەکی لە رووخاندنی رژێمی ئەسەد هەبووە، بەڵام سعودیە و قەتەر متمانەیەکی زیاتریان بەدەستهێناوە، کە شارەزایان ئەمە بۆ کاریگەریی پشتیوانییە داراییەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا دەگەڕێننەوە. هاوکات یەکێتیی ئەوروپا بە 70% و ئەمریکا بە 66% لە پلەکانی دواتردان.
پشتیوانیی بەرفراوان بۆ ئیدارەی نوێ و نیگەرانیی ئابووری
داتاکانی رووپێوییەکە دەریدەخەن کە 81%ـی خەڵکی سووریا متمانەیان بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی وڵات هەیە. هەروەها متمانە بە حکومەت 71%، بە دەسەڵاتی دادوەری 62% و بە سوپا 71%ـە. زۆرینەی خەڵک (73%) پێیانوایە ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری هەیە، بەڵام تەنیا 53% لە نوێنەرایەتیی پەرلەمان رازین.
لە بەرامبەردا، قەیرانی ئابووری گەورەترین نیگەرانیی خەڵکە. تەنیا 17% لە دۆخی ئابووری رازین و 86% دەڵێن داهاتیان بەشی خەرجییەکانیان ناکات. هەڵاوسان بە 31%، بێکاری بە 24% و هەژاری بە 23% وەک مەترسیدارترین کێشەکان دیاری کراون. هەروەها 65%ـی خەڵک کێشەی کەمیی خۆراکیان هەیە، کە ئەم رێژەیە لەناو ئاوارەکاندا بۆ 73% بەرزدەبێتەوە.
دۆخی ئەمنی و گرژیی ناوچەکان
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، 94%ـی بەشداربووان لە گەڕەکەکانی خۆیان هەست بە ئارامی دەکەن، بەڵام 74% داوای چەککردنی گرووپە چەکدارەکان دەکەن و 78% چەکداریی تاکەکەسی بە هەڕەشە دەزانن.
رووپێوییەکە جیاوازییەکی بەرچاو لە متمانەی خەڵک بەپێی ناوچەکان دەخاتەڕوو؛ لە ناوچەکانی لازقیە، تەرتووس و سوەیدا کە زۆرینەیان عەلەوی و درووزن، متمانە بە حکومەت بۆ 36% دادەبەزێت.
پشتیوانیی دەرەکی و دیموکراسی
زۆرینەی رەهای سوورییەکان (80%) پێشوازی لە هاوکاریی دەرەکی دەکەن، کە 45%ـیان داوای یارمەتیی گەشەپێدان و 36% داوای پشتیوانیی ژێرخان دەکەن. هاوکات 71% پێیانوایە دیموکراسی باشترین سیستمی حوکمڕانییە.
هەروەها 70%ی خەڵک پێیانوایە میکانیزمی دادپەروەری راگوزەری نەک تەنیا تاوانەکانی سەردەمی ئەسەد، بەڵکو دەبێت تاوانەکانی گرووپە چەکدارەکانی دیکەش بگرێتەوە.
شیکارییەکەی (فۆرین ئەفێرز) هۆشداری دەدات کە هەرچەندە ئێستا پەنجەرەیەک بۆ ئومێد کراوەتەوە، بەڵام داڕمانی ئابووری و گرژییەکان دەتوانن بەخێرایی دۆخەکە پێچەوانە بکەنەوە و ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدەن.