وەزارەتى بەرگریی سووریا راگرتنى شەڕى راگەیاند؛ تاوەکو کاژێر 9:00 بکشێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریی سووریا راگرتنى شەڕى لە گەڕەکە کوردییەکانی شارى حەلەب راگەیاند و تاوەکو کاژێر 9:00ـى بەیانیی هەینى دیاریکردووە وەکو دوایین مۆڵەت بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئاسایشى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ناوچەکان ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
بەرەبەیانى هەینى، 9ى کانوونى دووەمى 2026، وەزارەتى بەرگریی سووریا راگەیێندراوێکى شەش خاڵى لەبارەى دۆخى شارى حەلەب بڵاوکردەوە.
وەزارەتى بەرگریی سووریا رایگەیاند، لە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانەوە شەڕ لە دەوروبەرى گەڕەکەکانى شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنى زەید لە حەلەب رادەگرن.
ئەو وەزارەتە دەڵێت، "داواش لە گرووپە چەکدارەکانى ئەو ناوچانە دەکرێت کە لە وادەى راگرتنى شەڕەوە ناوچەکە بەجێبهێڵن، مۆڵەتەکەش لە کاژێر 9:00ى بەیانیی هەینى تەواو دەبێت".
لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیکردووەتە سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردییەی حەلەب، بەهۆی هێرشەکانەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. هەروەها هەزاران کەسیش ماڵەکانیان جێهێشتووە.
وەزارەتى بەرگریی سووریا ئاماژەى بەوە داوە، رێگە بە هێزەکانی ئاسایش دەدات تەنیا چەکى سووکى کەسیی خۆیان ببەن. سوپای عەرەبیی سووریاش بەڵێن دەدات گەرەنتیی تێپەڕینیان بکات تاوەکو دەگەنە ناوچەکانى باکووری رۆژهەڵاتى سووریا.
هەروەها هۆشداریش دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە پابەندبن بەو مۆڵەتەی دانراوە، لەپێناو "رێگری لە هەر بەریەککەوتنێکی مەیدانی".
بەگوێرەى وەزارەتەکە، ئامانج لە رێکارەکە "کۆتاییهێنانە بە دۆخى سەربازی لەو گەڕەکانە، وەک ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەى دەسەڵاتى یاسایی و دامەزراوە فەرمییەکان و گەڕانەوەى دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە کە ئاوارە بوون."
لە 6ى کانوونى دووەمەوە، پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن.
وەزارەتى بەرگریی سووریا ئاماژەى بەوە داوە، هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەى ئۆپەراسیۆنەکانى سوپای عەرەبیی سووریا، رێوشوێنى چوونەدەرەوەى ئەو هێزانە دەگرێتەبەر کە بە "گرووپی چەکدار" ناویان براوە، بە ئاراستەى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا.