وەزیری فریاگوزاریی سووریا: تیمەکانمان چوونەتە نێو گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی "هەسەدە" لە حەلەب

 
رووداو دیجیتاڵ

لە نوێترین پێشهاتی مەیدانیدا لە حەلەب، وەزیری فریاگوزاریی حکومەتی سووریا رایگەیاند، تیمەکانیان چوونەتە نێو ئەو گەڕەکانەی کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون و دەستیان بە پاککردنەوەی رێگەکان کردووە. لە کاتێکدا هەسەدە رەتیدەکاتەوە هێزیان لەو گەڕەکانەدا هەبێت.
 
رائید ساڵح، وەزیری فریاگوزاری و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سووریا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، تیمەکانی سەر بە وەزارەت دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەو گەڕەکانەی حەلەب کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون.
 
بە گوتەی ساڵح، ئەرکەکان بریتین لە "لابردنی بەربەستە خۆڵییەکان و کردنەوەی رێگەکان، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کاری رووپێوی بۆ لابردنی پاشماوەکانی جەنگ و مینڕێژکردن."
 
وەزیرەکەی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەم هەنگاوە "گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دڵنیابوونە لە سەلامەتیی سڤیلەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە گەڕەکەکانیان."
 
لەلایەکی دیکە، سەرچاوەیەکی حکومەتی سووریا بە ئاژانسی سانای راگەیاندووە، "هێزە ئەمنییەکان و سوپا لە رۆژانی رابردوودا کاریان کردووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان." ئەو سەرچاوەیە پەیامی دڵنیایی داوەتە دانیشتووانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید کە "ژیان تێیاندا ئاسایی دەبێتەوە دوای ئەوەی پڕۆسەی گەڕان بەدوای مینەکاندا کۆتایی دێت."
 
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی دیمەشق لە کاتێکدایە کە سوپای سووریا پێشتر رایگەیاندبوو مۆڵەتی چوونەدەرەوە تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ درێژکراوەتەوە و داوای لە شەڕڤانانی هەسەدە کردبوو خۆیان رادەست بکەن.
 
لێدوانەکەی وەزیری فریاگوزاری ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بەوەی کە حکومەت دەڵێت کۆنترۆڵی بەشێک یان هەموو گەڕەکەکانی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی کوردی ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
نزیکەی 142 هەزار کەس لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاوارە بوون. حکومەت دەڵێت 64 ناوەندی بۆ کردوونەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا میدیای فەرمیی هەسەدە و ئاسایشی حەلەب وەڵامی ئەو بانگەشەیەی حکومەتیان نەداوەتەوە کە دەڵێت "تیمەکانمان چوونەتە نێو گەڕەکەکان." دوایین هەڵوێستیان رەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدان و مانەوە بوو.