ئاسایش: دوو هێرشی عەمشات و حەمزاتمان بۆسەر شێخ مەقسوود تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، دوو هێرشی بەرفراوانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان بۆسەر گەڕەکی شێخ مەقسوود تێکشکاندووە و ناچار بە پاشەکشەیان کردوون.
ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، لە نوێترین راگەیێندراویدا ئاشکرای کرد، گرووپە چەکدارەکانی (ئەلعەمشات، حەمزات و نوورەدین زەنگی) کە سەر بە حکومەتی دیمەشقن، لە میحوەری "وادی زەیتوون"ەوە دوو هەوڵی چوونەژوورەوەیان داوە بۆ نێو گەڕەکی شێخ مەقسوود.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو گرووپانە پشتیوانیی راستەوخۆی تانک و چەکی قورسیان هەبووە.
ئاسایشی حەلەب دەڵێت، "هێزەکانمان توانییان رووبەڕوویان ببنەوە و هەردوو هەوڵی پێشڕەوییەکە پووچەڵ بکەنەوە، بەوەش هێرشکارانیان ناچار بە پاشەکشە کردووە لەو میحوەرە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بۆ چوارەم رۆژی لەسەریەک تۆپبارانی گەڕەکی شێخ مەقسوود لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتەوە بەردەوامە.
دۆخی حەلەب ئاڵۆزتر بووە و چوار رۆژە شەڕ بەردەوامە.
لە کاتێکدا ئەم گرووپە چەکدارانە بە تانک هێرش دەکەن، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی باسی "پاراستنی مافی کورد" دەکات و وەزیری راگەیاندنیش کورد بە "هاوبەش" وەسفدەکات.
شەڕ و تۆپبارانی چوار رۆژە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 140 هەزار کەس و دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لەو بەشەی حەلەب.
حکومەتی سووریا دەڵێ، "هەسەدە گەڕەکەکانی کردووەتە سەربازگە بۆ هێرشکردنە سەر سوپا و خەڵک وەک قەڵخان بەکاردەهێنێت." بانگەشەی ئەوە دەکات 7 سڤیل بەهۆی تەقەی هەسەدەوە کوژراون.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێ، سوپای سووریا بە تانک و تۆپ گەڕەکەکان دەکاتە ئامانج. بەپێی ئاسایشی نێوخۆیی حەلەب 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 58 بریندار هەن (سەرچاوە پزیشکییەکان باس لە 20 گیانلەدەستدان دەکەن).