وەزیری تەندروستیی سووریا: نەخۆشخانەی نێوخۆیی و ئیبن روشد دەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لە حەلەب، وەزیری تەندروستیی سووریا گەیشتە شارەکە و سەردانی بریندارانی کرد، هاوکات هەواڵی کردنەوەی دوو نەخۆشخانەی گەورەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا راگەیاند.
 
رۆژی هەینی 09-01-2026 موسعەب عەلی، وەزیری تەندروستیی سووریا سەردانی نەخۆشخانەی رازیی لە حەلەب کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی ئەو بریندارانەی بەهۆی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی شارەکەوە گەیێندراونەتە ئەوێ.
 
وەزیرەکەی حکومەتی دیمەشق سەردانی ناوەندی تەندروستیی ئەشرەفییە و ناوەندی تایبەتمەندی شەکرەی لە هەمان گەڕەک کرد، جەختیشی لە "بەهێزکردنی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە گەڕەکەکان" کردەوە.
 
موسعەب عەلی لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبووڵانس لە ئامادەییدان و هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگەی حەلەب کراوە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا "نەخۆشخانەی نەخۆشییەکانی نێوخۆیی و نەخۆشخانەی ئیبن روشد" بکەونەوە کار.
 
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆگەی یەدەگی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان بەهێز کردووە بۆ ئەوەی رووبەڕووی دۆخەکە ببنەوە.
 
نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شێخ مەقسوود بۆردوومان کراوە و لەکار کەوتووە. پزیشکانی ناوچەکە دەڵێن بەدەست نەبوونی دەرمان و پزیشکی پسپۆڕەوە دەناڵێنن.