ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: شێخ مەقسوود رووبەڕووی جەنگی لەنێوبردن بووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای راگەیاندنی گەڕەکەکە وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو،" ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، گەڕەکی شێخ مەقسوود رووبەڕووی بۆردوومانێکی چڕ و هەوڵی هاتنەژوورەوەی تانکەکانی سوپای سووریا بووەتەوە. راشیگەیاند، ئەوەی روودەدات "جەنگی لەنێوبردن"ە.
 
شەوی هەینی 09-01-2026، ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب لە نوێترین راگەیێندراویدا بڵاویکردەوە: "گەڕەکی شێخ مەقسوود کە پڕە لە دانیشتوو، رووبەڕووی هێرشێکی تووند و چڕی گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بووەتەوە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، حکومەتی سووریا "جۆرەها چەکی قورس، تانک و تۆپ" بەکاردەهێنێت لە هێرشێکی بەرفراواندا کە گەڕەکە نیشتەجێبووەکان دەکاتە ئامانج.
 
ئاسایشی حەلەب دۆخەکە بە مەترسیدار وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەم هێرشە رەنگدانەوەی شێوازی جەنگی لەنێوبردنی سیستماتیکییە بەرامبەر بە دانیشتووان، هاوشێوەی شێوازەکانی جەنگە وێرانکارییەکان دژی ناوچە ئاوەدانەکان."
 
سەبارەت بە دۆخی شەڕی زەوینی، ئاسایش ئاشکرای کردووە: "میلیشیاکانی حکومەت هەوڵدەدەن بە تانکەوە بچنە نێو گەڕەکەکە، لە نێوەڕاستی بەرگرییەکی تووند و بەردەوامی هێزەکانمان."
 
دۆخی حەلەب لە قۆناخی "هەڕەشە"ـەوە چووەتە قۆناخی "جەنگی کراوە" و پێکدادانی راستەوخۆ.
 
دوای ئەوەی کاژێر 06:00ـی ئێوارە سوپای سووریا شێخ مەقسوودی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و داوای لە خەڵک کرد بچنە نهۆمەکانی خوارەوە، هێرشی چڕ دەستیپێکرد.
 
سوپای سووریا پێشتر نەخشەی چەند شوێنێکی بڵاوکردەوە (کە ئاسایش دەڵێت یەکێکیان نەخۆشخانەیە). ئێستا بەپێی ئاسایش، بۆردوومانەکە هەموو گەڕەکە نیشتەجێبووەکان دەگرێتەوە.