ئاسایشی حەلەب: گردبوونەوەیەکی گەورەی هێزەکانی حکومەتمان پێکا؛ "نەخۆشخانەکان تۆپباران دەکرێن"
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، گورزیان لە گردبوونەوەیەکی گەورەی هێزە هێرشکارەکانی حکومەت وەشاندووە، دامەزراوە پزیشکییەکانیش لەژێر تۆپباراندان.
ئێوارەی هەینی 09-01-2026 ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، "شەڕڤانەکانمان گردبوونەوەیەکی گەورەی گرووپ و میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشقیان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود کردە ئامانج."
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو هێرشەدا "برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری هێزە هێرشکارەکان پشتڕاست کراوەتەوە."
ئاسایشی حەلەب دۆخەکە بە "شەڕێکی تووند" وەسف دەکات و دەڵێت، "پێکدادانەکان بە تووندی بەردەوامن، لە سایەی تۆپبارانێکی چڕ و بەردەوام، کە ئەو میلیشیایانە دەیکەنە سەر هەموو ناوچە نیشتەجێبووەکان، بە نەخۆشخانە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیشەوە."
دیمەنی مەیدانیی حەلەب لەنێوان دوو گەڕەکە سەرەکییەکەدا (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) جیاوازیی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی دوایین راگەیێندراوی ئاسایش، شەڕ لەم گەڕەکە زۆر سەختە. سوپای عەرەبیی سووریا هەوڵی پێشڕەوی دەدات و تۆپبارانی چڕ دەکات، ئاسایشیش وەڵام دەداتەوە و باسی پێکان و بریندارکردنی هێزەکانی حکومەت دەکات.